لە تورکیا و باکوری کوردستان پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان تائێستاش بەردەوامە.
بەپێی ئەنجامە بەراییەکان کە میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردووەتەوە، تائێستا رێژەی (٢٣%) دەنگەکان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکوری کوردستان جیاکراونەتەوە.
ئاماژە بەوەش دەکەن، لە ئەنقەرە و ئیستانبوڵ و ئزمیر، کاندیدانی جەهەپە تائێستا لە پێشەوەن و لە (١٠) پارێزگای باکووری کوردستانیش دەم پارتی لە پێشەوەیە.
بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو کاندیدی جەهەپە لە شارەوانی ئیستانبوڵ زۆرترین دەنگەکانی بەدەستهێناوە، هەروەها لە ئەنقەرە و مەنسوور یاڤاشی کاندیدی جەهەپە لە پێشەوەیە، هەرچی کاندیدانی دەم پارتییە لە باکوری کوردستان زۆرینەی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.
لە کاتژمێر (٧:٠٠) بەیانی ئەمڕۆ تا (٥:٠٠)ی ئێوارە ناوەندەکانی دەنگدان لە تورکیا و باکووری کوردستان، بە ڕووی دەنگدەراندا کرایەوە، تا نوێنەرانی خۆیان بۆ پێنج ساڵی سەرۆکایەتی شارەوانییەکان هەڵبژێرن.
لەم هەڵبژاردنەدا سەرۆکی (٣٠) گەورە شارەوانی و سەرۆکی (٥١) شارەوانی هەڵدەبژێردرێن، هەروەها لە دەنگدانی خۆجییەکان سەرۆکی شارەوانی (٩٧٣) شارۆچکە و (٣٩٠) شارەدێ هەڵدەبژێردرێن، هەروەها ٥٠ هەزار و ٣٣٦ موختار هەڵدەبژێردرێن.