" پارتی بەشداری هەڵبژاردنێک ناکات بەغدا رێکیخستبێت "

" پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری هەڵبژاردنێک ناکات کە دامەزراوەکانی بەغدا، دادگای فیدراڵی و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێران رێکیان خستبێت "، ئەمە دوا هەڵوێستی پارتییە بەرامبەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەر ئەمشەویش کاتژمێر ١٢ تێپەڕی و پارتی ناوی کاندیدەکانی لیستەکەی پێشکەشی کۆمسیۆن نەکرد.

هەموو ئەو هەوڵانەی چەند رۆژی رابردوو لەلایەن یۆنامی و باڵوێزی ئەمەریکا لە عێراق و باڵوێزانی تری ولآتانی ئەوروپیەوە دران تا پارتی رەزامەندی پێشان بدات بەشداربێت لە هەڵبژاردنی ١٠ ی حوزەیران ئەمساڵدا لە ئاست سووربوونی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لەسەر رای خۆی شکستی خواردو، بارزانی مکوڕە لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن تا مانگی ئەیلول یان کۆتایی ساڵ.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە دوای ئەم هەنگاوەی مەسعود بارزانی لەسەر بەشدارینەکردنی لەهەڵبژاردندا، پارتی لە ڕێگای سەرۆکی هەرێمەوە کاردەکەن بۆ دەرکردنی راگەیاندنێک لە نیچیرڤان بارزانیەوە وەک سەرۆکی هەرێم کە ئاماژە بکات بۆ ئەنجامنەدانی ئەم هەڵبژاردنەی چەند مانگێکە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق کاری بۆ دەکات، هاوکات لە رێگای سەرۆکی هەرێمەوە  کار بکرێت بۆ ئەوەی لایەنەکانی هەرێم رێکبکەون لەسەر چۆنێتی هەڵبژاردن و وادەیەکی تر دابنرێت بۆ هەڵبژاردن و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم بەڕێوەی بەرێت، نەک کۆمسیۆنی عێراق.  

مەسعود بارزانی بە سووربوونی خۆی لەسەر ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن، رێگریی جدی لەبەردەم ئەو پرۆسەیەدا سازکرد، ئێستا چاوەکان لەسەر بەغدان کە هەڵوێستی حکومەتی سودانی و هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و دادگای فیدراڵی چی دەبێت، بەرامبەر ئەم هەڵوێستەی پارتی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان.

لەلایەکی ترەوە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە عێراق لە دەرچەیەک دەگەڕێن کە چارەسەری کێشەکە بکەن.

هاوکات کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە چەند رۆژی رابردوودا لە هەوڵێکدا ویستوویانە دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ پارتی بکەنەوە، بەڵام ئێستا دوای ئەوەی پارتی رەتیکردەوە بەشداری هەڵبژاردن بکات، نازانرێت هەڵوێستی ئێران چ گۆڕانکارییەکی بەسەردا دێت، لە کاتێکدا کە زۆربەی سەرە داوەکان دەسەڵات حوکمڕانانی عێراق بە دەست ئێرانەوەیە.    
 



AM:01:41:01/04/2024