لە بارەی دواخستنی هەڵبژاردنەوە پارتی تەکلیف لە سودانی دەکات پەیوەندی بە لایەنەکانی هەرێمەوە بکات

دوای ئەوەی پارتی رەتیکردەوە لەو هەڵبژاردنەدا بەشداری بکات کە بە مەرسومی سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی ١٠ ی حوزەیران دانرابوو بۆ ئەنجامدانی، جارێکی تر پارتی لە پلانیدایە نێچیرڤان بارزانی کاتێکی تر لە مانگەکانی ٩ و ١٠ ی ئەمساڵدا دیاری بکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بۆ ئەم کارەش تەکلیفیان لە سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە پەیوەندی بەلایەنە سەرەکییەکانی هەرێمەوە بکات.

بەپێی زانیارییەکانی " سپی " دوێنێ و ئەمڕۆ دوو شەممە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر داوای پارتی پەیوەندی بەلایەنە سەرەکییەکانی هەرێمەوە کردووە کە رایان وەربگرێت لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن بۆ مانگی ٩ یان ١٠ ئەمساڵ.

بڕیاریشە نیچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم لە رۆژانی ئایندەدا مەرسومێکی تر دەربکات و رایبگەیەنێت کە هەڵبژاردن لە ١٠ ی حوزەیراندا ئەنجام نادرێت و دوا دەکەوێت بۆ چەند مانگێکی تر.

سپی زانیوویەتی کە پارتی لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە رێگای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمەوە بکرێت، بەڵام تا ئێستا عێراق مکوڕە لەسەر ئەوەی کە هەڵبژاردن لەلایەن کۆمسیۆنی عێراقەوە ئەنجام دەدرێت و بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی بەڕێوە دەچێت کە هەرێم دەکرێتە چوار بازنەی هەڵبژاردن و کورسییەکانی پەرلەمان ١٠٠ کورسی دەبن و کورسی کۆتاش نامێنێت.

دوێنێ شەو دوای ئەوەی زۆربەی قەوارە سیاسییەکانی هەرێم ناوی کاندیدی لیستەکانیان رادەستی  کۆمسیۆن کرد، پارتی رەتیکردەوە ناوەکانی رادەست بکات و بە ئاشکرا رایگەیاند بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا ناکات.

ماوەی دوو ساڵە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سەرەتا لەلایەن یەکێتی و ئێستاش لەلایەن پارتیەوە دوادەخرێت و، تا ئێستا سێ جار سەرۆکی هەرێم کاتی هەڵبژاردنی بە مەرسومێک راگەیاندووەو لە کۆتاییدا شکستی هێناوەو هەڵبژاردن ئەنجام نەدراوە.  
 
لەسەردانەکەیدا بۆ ئەمەریکا، مەسرور بارزانی لە دیدارەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا ئامۆژگاریان کردووە کە کورد یەکگرتوو بێت و هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت و لەگەڵ عێراق رێکبکەون.

AM:11:58:01/04/2024