وەزارەتی دارایی: هەرکات پارەی بەغدا گەیشت مووچەی مانگی ٣ دابەشدەکەین

دوابەدوای ڕەوانەكردنی لیستی مووچەی مانگی ٣ی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ بەغدا، وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت'' هەر كات پارە گەیشت دەست بە دابەشكردنی دەكەن''.

هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاندووە'' هاوشێوەی مانگی شوبات لیستی مانگی ئازاری مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانەی بەغداد کراوە''.

وتیشی'' هەرکات وەزارەتی دارایی عێراق پارەی نارد، ئەوکات دەتوانین باس لە مووچەی مانگی ئازار بکەین''.

 شەوی ڕابردوو وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی مانگی ئازاری ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق كردووە تاوەكو مووچەی ئەم مانگە خەرج بكات.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە پێشتر وەزارەتی دارایی هەرێم لە نووسراوێكدا داوای لە فەرمانگەكان كردبوو، لیستی مووچەی مانگی ٣ بە پلەبەرزكردنەوە بكەن و وەزیری داراییش لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا وتی'' هاوتەریب لەگەڵ لیستی مووچە، لیستی مووچە بە پلەبەرزكردنەوە دەكەن بۆ ئەوەی ئەگەر عێراق پارەی تەواوی مووچەی نارد، بە پلەبەرزكردنەوەوە مووچە دابەش دەكەن''.


PM:04:55:01/04/2024