مەحمود محەمەد: پارتی لەسەر هەڵوێستی خۆی پێداگرە

ئەمشەو دووشەممە ١ی نیسانی ٢٠٢٤ وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر بەشداریکردنیان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" پارتی لەسەر هەڵوێستی خۆی پێداگرە و هیچ جۆرە دەستوەردانێكی نایاسایی لە هەڵبژاردنەکان قبوڵ ناکات". 

مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی، کەمێک پێش ئێستا لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە" ئێوارەی ئەمڕۆ لە دەزگایەكی میدیایی هەواڵێك بڵاوكراوەتەوە كە گوایە پارتی داوای دواخستنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی بۆ كاتێكی تر كردووە بۆ ئەوەی بە هەمان مەرج و ڕێوشوێن و یاساکانی ئێستا، بەشداری لە هەڵبژاردن بکات". 

دەشڵێت" لێرەدا ڕایدەگەیێنین كە ئەم هەواڵە هیچ بنەمایەكی نییە و پارتی لەسەر هەڵوێستی خۆی پێداگرە و هیچ جۆرە دەستوەردانێكی نایاسایی لە هەڵبژاردنەکان قبوڵ ناکات و بە پێویستی دەزانێ هەموو كەموكوڕییە تەكنیكی و پێشێلكارییە دەستووری و یاساییەكان لە شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردن چارەسەر بكرێن و ڕاست بكرێنەوە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و ئازاد و دەستووری بەڕێوەبچێت و سەرجەم هاوڵاتیانی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانەوە مافی دەنگدانیان هەبێت و ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیش دەستکاری نەکرێن". 

مەحمود محەمەد ڕاشیگەیاندووە" دواخستنی هەڵبژاردن وەک بژاردەیەک لەگەڵ پارتی باسکراوە، بۆ ئەوەی پارتی بەشداری هەڵبژاردن بکات و لێرەوە دووپاتیدەکەینەوە کە پارتی هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردنێکی دەستووری و شەفاف و بێگەردە و ئەگەر هەڵبژاردن بۆ كاتێكی تریش دوابخرێت دەبێ ئەو ڕاستكردنەوە دەستووری و یاسایی و تەکنیکیانە ئەنجام بدرێن كە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد پێویستە".


PM:11:01:01/04/2024