یەکەم قەیوم لە گەورە شاری وان دژی سەرۆکی هەڵبژێردراوی دەم پارتی دانرا

‌عەبدوڵا زەیدان سەرۆکی شارەوانی هەڵبژێردراوی دەم پارتی کە ئەمڕۆ لابرا
پاش تێپەڕبوونی تەنها دوو رۆژ بەسەر هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادا یەکەم هەنگاوی دەسەڵاتدارانی ئاک پارتی دژی کورد گیرایە بەر و سەرۆکی هەڵبژێردراوی شارەوانی وان گەورە شاری کورد گۆڕدرا و کاندیدی دووەمی خرایە شوێن کە سەر بە ئاک پارتییە.

ئەمڕۆ سێ شەممە ٢ ی نیسان کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا کاندیدی دەرنەچووی ئاک پارتی عەبدولهات ئاڤەری کە تەنها ٢٧٪ ی دەنگەکانی گەورە شاری وانی بە دەستهێناوە لە بری کاندیدی دەرچووی دەم پارتی ( کورد ) عەبدوڵا زەیدان ی دانا کە لە ٥٥٪ ی دەنگەکانی بە دەستهێناوە.

سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوە کوردە پێشتر زیندانی سیاسی بووەو دەستگیرکراوە، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی تورکیا رۆژی پێنج شەممەی رابردوو کە تەنها دوو رۆژ پێش هەڵبژاردن ماوەو لە ساتەکانی کۆتای دوا رۆژی دەوامی هەفتەدا کاندیدەکە و دەم پارتی ئاگادار دەکەنەوە کە ئەو قەدەغکردنی خۆی کاندیدکردنی لەسەرە. (وتەبێژی دەم پارتی بە میدیاکانی راگەیاندووە).

 ئایشەگول دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا ئەم هەناگوەی بە پیلانێک بۆ دانانی قەیووم لە شارەوانیی وان ناوزەد کرد. 
 
وتەبێژی دەم پارتی وتیشیئ "بیرۆکەی دانانی قەیووم شکاندنی ئیرادەی خەڵکە.. بەهیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەین و رێگە نادەین ئیرادەی گەلەکەمان زەوت بکرێت." 
 
ئایشەگول دۆغان ئاشکرای دەکات، عەبدوڵا زەیدان هەموو رێکارە یاساییەکانی جێبەجێ کردووە و هیچ کێشەیەکی نەبووە.

دەم پارتی کە بە پارتی یەکسانی و دیموکراتی گەلان ناسراوە لە هەڵبژاردنی ٣١ی ئازاری ٢٠٢٤ ی شارەوانییەکانی تورکیا توانی ١٠ گەورە شارەوانی بباتەوە کە یەکێکیان وانبوو.





PM:02:53:02/04/2024