شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق رێککەوتن

دوای ئەنجامی چەندین کۆبوونەوە لە نێوان شاندی هەرێم و وەزرەتی دارایی عێراق سەبارەت بە پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی مووچەی پێشمەرگەو هێزە ئەمنیەکان و تەواوکردنی ڕێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، شاندی هەرێمی کوردستان کۆتاییان بەسەردانەکەیان هێنا و لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق رێککەوتن.

بەگوێرەی هەواڵێکی کەناڵی (ڕووداو)، کەلەسەرچاوەیەکی نێو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە پێی گەیشتووە، شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق رێکەوتن و گەڕانەوە هەولێر. رێککەوتنەکە بەم جۆرەی خوارەوەیە:

– مانگانە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.

– بەپێی رێککەوتنەکە تا ئەو کاتەی پرسی تەوتین و بە دیجیتاڵکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان یەکلایی دەکرێتەوە بەغدا بەردەوام دەبێت لە خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

– لەبارەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگەش ئەو سەرچاوەیە بە وتویەتی، مانگانە لە رێگەی کۆدی بایۆمەترییەوە مووچەکانیان خەرج دەکرێت بەهەمان ئەو میکانیزمەی مووچەی مانگی دووی پێ خەرجکرا.

– سەبارەت بە ناردنی مووچەی مانگی سێ، وەزارەتی دارایی عێراق بەڵێنی بە شاندەکە داوە، بەر لە جەژن وردبینی لیستی فەرمانبەران تەواو دەکەن و مووچەکانیان خەرج دەکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر ئەمشەو وەزارەتی دارایی و ئابووری لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردووەتەوە کە " دوای ئەنجامدانی چەندین کۆبونەوەی گرنگ و سەرکەوتوو لە گەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق لە سەر پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی مووچەی پێشمەرگەو هێزە ئەمنیەکان و تەواوکردنی ڕێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، شاندی هەرێمی کوردستان کۆتاییان بەسەردانەکەیان بۆ بەغداد هێناو گەڕانەوە هەرێمی کوردستان"، بەڵام بە فەرمی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەی بڵاونەکردووەتەوە.                                                



PM:10:14:03/04/2024