"مەترسییەکان لەسەر کوردستان و دەستکەوتەکانی بەردەوامن"

ئەمڕۆ هەینی مەسرور بارزانی له‌ ساڵیادی دەرچوونی بڕیاری (٦٨٨)ی ئەنجوومەنی ئاسایش، دووپاتیکردەوە، ئەو مەترسیانەی بەردەم خەڵکی کوردستان تا ئێستاش بوونیان هەیە، هاوکات جەختیکردەوە لەسەر پێویستی هەڵوێستی جدی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی هەرێم و بەرگری لە مافە ڕەواکانیان بکەن.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بە بۆنەی ساڵیادی پەسەندکردنی بڕیارنامەی (٦٨٨) لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت" ٣٣ ساڵ بەسەر دەرچوونی بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان تێدەپەڕێت کە لە ٥ی ٤ی ١٩٩١ لە ئەنجامی هێرش و پەلاماری دڕندانەی ڕژێمی پێشووی عێراق بۆسەر کۆڕەوی ملیۆنی خەڵکی کوردستان بەرەو سنورەکان هاتە ئاراوە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، ئه‌و بڕیاره‌ گرنگ و مێژویەی ئەنجومەنی ئاسایش، بووە بنەمایەک بۆ دانانی ناوچەی دژە فڕین و لە ئەنجامدا سنورێکی بۆ هێرش و زوڵم و ستەمکارییەکانی رژێمی بەعس دانا و کوردستانی لە جینۆسایدێکی دیکە پاراست و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هانای گەلی کوردستانەوە هات و دواتریش هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجامدرا و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهات. 

له‌ په‌یامه‌كه‌یدا هاتووە" هێشتا مەترسی و هەڕەشە لەسەر خەڵکی کوردستان و ماف و دەسکەوتەکانی هەیە و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەڵوێستی جددی لە پاراستنی خەڵکی کوردستان و داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانیدا هەبێت و دڵنیایی بدات کە خەڵکی کوردستان پارێزراو دەبێت و جارێکی دیکە ڕوبەڕوی شاڵاوەکانی جینۆساید و پێشێلکردنی مافەکانی نابێتەوە". 


AM:11:28:05/04/2024