وەزارەتی پەروەردە لە هەوڵدایە وانەبێژان لەگەڵ مووچەخۆرانی تر شایستەکانیان وەرگرن


چیتر لیستی شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ مانگانە رەوانەی بەغداد دەکرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ هەموو مووچەخۆرانی تردا، ئەوانیش شایستەی مووچەیان وەربگرن.

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردسان ئەمڕۆ سێ شەممە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت  "پاش جەژنی رەمەزانی پیرۆز، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری دەکات کە لیستی مووچەی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو لەسەر بنەمای بە گرێبەستبوونی کۆی وانەبێژان لە رێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئاڕاستەی حکومەتی عێراقی فیدراڵ  بکرێت و داوای تەرخانی دارایی لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ بکرێت کە هەموو  مامۆستایانی وانەبێژی کوردستان وەک گرێبەستی هەمیشەیی و لەگەڵ هەموو مووچە خۆراندا شایستەی مووچەیان وەربگرن".

بەپێی راگەیەندراوکەی ئالان حەمەسەعید، لە ڕۆژی سێشەممە ١٦ی نیسان، وەزارەتی پەروەردە لیستی کۆی مامۆستایانی وانەبێژ ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران دەکات بۆ ئەوەی لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئاراستەی حکومەتی عێراقی فیدراڵ بکرێت.

تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان شایستە داراییەکانی مانگانەی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ چەند مانگ دوا دەکەوێت و، لەگەڵ مامۆستایانی هەمیشەیی و سەرجەم مووچەخۆراندا دابەشناکرێت.



PM:03:47:09/04/2024