پەروەردەی ڕۆژئاوا بڕیاریدا سزای غیاباتی مامۆستایان بسڕێتەوە و هەژماریان نەکات

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ڕایدەگەیەنێت" پەروەردەی ڕۆژئاوا بڕیاریداوە سزای سەرجەم ئەو مامۆستایانە بسڕێتەوە و هەژماری نەکات کە بەهۆی بایکۆتەوە سزا درابوون". 

ئەنجوومەنی مامۆستایانی نارازی، ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوا بڕیاریداوە سزای غیاباتی مامۆستایان بسڕێتەوە وهەژماریان نەکات". 

ئەوەش هاتووە" هیوادارین سڕینەوەی سزاکان تەنها غیابات نەگرێتەوە و ئەو مامۆستا و بەڕێوەبەرانەی بەبێ ویستی خۆیان لەسەر کار لابراون و لە قوتابخانەکانیان گواستراونەتەوە بگەڕێنرێنەوە". 

دەقی ڕاگەیەنراوەکە: 

مژدەیەک لە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازییەوە 

دوای ئەوەی لەسەرەتای ساڵی نوێدا دەسەڵاتدارانی سنوری دەڤەری هەڵوێست بڕیاریان دا بەزۆر و فشار و سزا بایکۆت بە مامۆستایان بشکێنن ، بۆ ئەو مەبەستەش لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی زیاتر لە ٣٠٠٠ هەزار مامۆستا بە غیابدان سزادران .

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی بۆ سڕینەوەی سزاکان  بەزوویی چەند هەنگاوێکی کرداری گرتە بەر لەوانە

١ــ پێک هێنانی تیمی پارێزەرانی خۆبەخش بۆ داکۆکی لە مامۆستایانی سزادراو ، تیمی پارەزاران سەرەڕای وەرگرتنی سکاڵای مامۆستایانی سزادراو سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانیان کرد و داوای هەڵوەشاندنەوەی سزا نایاساییەکانیان کرد 

٢ــ  وەفدێکی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی سەرانی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و پەروەردەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای سلێمانیان کرد بۆ سڕینەوەی سزاکان .

٣ ــ لەگەڵ ڕێکخراوی CPT ئەمریکی تایبەت بە دەستگیرکراوان و سزادراوان کۆبونەوەو لەسەر داوای ئەنجومەن ڕێکخراوی ناوبراو سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەکانیان کرد و داوای هەڵوەشاندنەوەی سزاکانیان کرد .

٤ ــ ئەنجومەن هەڵمەتێکی  میدیایی بەرفراوانی بۆ سڕینەوەی سزاکان دەست پێکرد و دوو بەیاننامەی تایبەتی بەسزاکان لە دوو کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا بڵاوکردەوە .

سوپاس بۆ خوای گەورە دوای ئەم هەوڵانەی ئەنجومەن و دڵسۆزان بەرهەمی هەوڵەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژئاوا دەرکەوتن و بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوا بڕیاری داوە سزای غیاباتی مامۆستایان بسڕێتەوە وهەژماریان نەکات .

هیوادارین سڕینەوەی سزاکان تەنها غیابات نەگرێتەوە وئەو مامۆستا و بەڕێوەبەرانەی بەبێ ویستی خۆیان لەسەر کار لابراون و لە قوتابخانەکانیان گواستراونەتەوە بگەڕێنرێنەوە .

لە کۆتاییدا

داواکارین بەڕێوەبەری پەروەردەکانی تریش سەرجەم سزاکان و ئەو ڕێکارانەی بەهۆی بایکۆتەوە بەرامبەر مامۆستایان گیراونەتەبەر هەڵبوەشێننەوە.

هەر لێرەشەوە بەڵێن بە مامۆستایان دەدەین لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین تا کۆتایی بەهەموو سزاکان لە هەموو پەروەردەکان دەهێنین .

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی


AM:10:03:16/04/2024