سەرکردەیەکی تورکمان: پارتی و عەرەب و تورکمان ڕێککەوتبوون حکومەتی خۆجێی کەرکوک پێکبهێنن

سەرکردەیەکی تورکمان و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە کوتلەی تورکمانی دەڵیت " پارتی و عەرەب و تورکمان لە هەولێر ڕێککەوتن پێکەوە حکومەتی خۆجێی کەرکوک پێکبهێنن، بەڵام حکومەتی عێراق دەستوەردانی کرد و رەتیکردەوە".

نەجات حوسێن، سەرکردەی تورکمان و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە کوتلەی تورکمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " پارتی و عەرەب و تورکمان لە هەولێر ڕێککەوتن پێکەوە حکومەتی خۆجێی کەرکوک پێکبهێنن، بەڵام حکومەتی عێراق دەستوەردانی کرد و ڕێککەوتنەکەی ڕەتکردەوە، بەو پێیەی یەکێتی ٥ کورسی هەیە و گەر بخرێتە دەرەوەی یارییەکە کێشە دروست دەبێت."

دەشڵێت" گەر حکومەتی عێراق دەستوەردانی نەکردایە، پارتی و عەرەب و تورکمان حکومەتی خۆجێی کەرکوکیان پێکدەهێنا، چونکە خاوەنی ١٠  کورسین".

نەجات حوسێن، وتیشی " کورد و عەرەب داوای پۆستی پارێزگار دەکەن، لێکتێگەیشتن هەبوو پۆستەکە هەردوو ساڵ جارێک لای یەکێکیان بێت، بەڵام هەردوولایان داوا دەکەن دوو ساڵی یەکەم پۆستەکەیان لابێت".

راشیگەیاند"عەرەب ٧ ساڵە پۆستی پارێزگاری لایە و خەڵک دادەمەزرێنێت و زەوی دابەش دەکات، بە ئاسانی پۆستی پارێزگار ڕادەستی کورد ناکات".

هاوکات هەر لەمبارەیەوە، حەسەن مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە هەمان میدیای راگەیاندووە" گەر هەوڵێکی لەو جۆرە هەبووبێت من ئاگاداری نیم".

لە بەرامبەردا حەسیبە عەبدوڵا، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی و بەرپرسی بەشی پێکهاتەکان لە ئۆرگانە حزبییەکانی کەرکوکی ئەو حزبە، وتویەتی" کاتێک بەرپرسانی پارتی سەردانی بەرەی تورکمانییان کرد، بەرپرسێکی تورکمان بە ئاشکرا سوپاسی پارتی کرد بۆ پشتگیریکردن لە بیرۆکەی ئەوەی پۆستی پارێزگار بە نۆرە بێت، بەڵێ هەوڵی ڕێککەوتن هەبووە لە نێوانیان".

ڕۆژی ٣ی مانگی ڕابردوو، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ دووەمجار لەگەڵ نوێنەری کورد، عەرەب و تورکمان کۆبوویەوە. بەپێی ڕاگەیەنراوی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕێککەوتن کراوە لەسەر بەردەوامیدان بە دیالۆگی نێوان لایەنە براوەکانی کەرکوک.

هەرچەندە بڕیاربوو کۆبوونەوەی سێهەم لە نێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق و لایەنە براوەکانی کەرکوک ئەنجامبدرێت، بەڵام بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان و سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی بۆ ئەمەریکا کۆبوونەوەکە دواخرا.



PM:11:44:16/04/2024