باسم عەوادی: دڵنیابوونی هاوڵاتیانی هەرێم و وەرگرتنی مووچەکانیان بە بەردەوامی سەقامگیری بەدوای خۆیدا دەهێنێت

وتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵیت" دڵنیابوونی هاوڵاتییان لە هەرێمی کوردستان و وەرگرتنی مووچەکانیان بە بەردەوامی،  سەقامگیری بەدوای خۆیدا دەهێنێت و حکومەتی عێراقیش بەدوای ئەو سەقامگیرییەدا دەگەڕێت".

باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بە میدیایەکی پارتی راگەیاندووە" بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی هەیە بۆ بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی، بۆیە ئەو بڕیارە جێگەی پابەندییە بۆ هەموولایەک، بۆ ئێمە لە بەغدا و بۆ ئێوەش لە هەرێمی کوردستان، بەرپرسانی حکومەتی عێراقی رێککەوتنیان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان واژۆ کردووە و بە ویستی خوا ئەو رێککەوتنانە بەشێوەیەکی دروست جێبەجێ دەبن".

ئاماژەی بەوەشداوە کە دڵنیابوونی هاوڵاتییان لە هەرێمی کوردستان و وەرگرتنی مووچەکانیان بە بەردەوامی،  سەقامگیری بەدوای خۆیدا دەهێنێت و حکومەتی عێراقیش بەدوای ئەو سەقامگیرییەدا دەگەڕێت.
 
وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕاشیگەیاند،" پتەوکردنی پەیوەندییەکانیش لەنێوان حکومەتی ناوەندی لە بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەمان شێوە کاری لەپێشینەیە. سەقامگیریی هەرێمی کوردستان سەقامگیریی عێراق و بەغدایە و بەپێچەوانەشەوە".

باسم عەوادی لەبارەی ئەجێندای سەردانی سودانی بۆ ئەمریکا راگەیاند" ئەو سەردانە بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵاتە و سەردانەکە ئەمنی و سەربازی نییە".
 
باسم عەوادی وتییشی" سەردانەکە ئابووری و وەبەرهێنانی رەهایە تاوەکو پەیوەندیی عێراق و ئەمریکا بگەیێنینە پەیوەندییەکی دووقۆڵی روونتر لەوەی کە پێشتر هەبووە".
 
وتەبێژی حکومەتی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە هەڵبژاردنەکە کاریگەری لەسەر دۆخی دیموکراسیی عێراق و پرۆسەی ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات دەبێت و سازان هەیە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکە لە وادەی خۆیدا بکرێت.

رۆژی شەممە، ١٣ی نیسان محەممەد شیاع سوودانی بە سەردانێکی فەرمی بەرەو واشنتن بەڕێکەوت، بڕیارە سبەی دووشەممە، ١٥ی نیسان لە کۆشکی سپی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆبێتەوە. 



AM:12:11:17/04/2024