سەمیر هەورامى: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لیستی مووچە ڕەوانەی بەغدا دەکەین

وتەبێژى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند'' لەم ڕۆژانەدا لیستى مووچەى مانگى نیسانی فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دەنێردرێت بۆ بەغدا''.

سەمیر هەورامى، وتەبێژى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبارەی مووچەی مانگی نیسان ڕایگەیاند'' لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لیستی مووچە ڕەوانەی بەغدا دەکرێت، ئامادەکردنی لیستەکەش هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو دەبێت''.

ئاماژەی بەوەکرد، بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی حکومەتی عێراقی پابەندکردووە بە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هەر بۆیە لەو کاتەی حکومەت مووچەی پارێزگاکانی عێراقی دابەشکرد، بە هەمان شێوە پارەی مووچە بۆ هەرێم دەنێرێت.

حکومەتى عێراق لەپێشدا مووچەى خانەنشینى دەدات و پاشان لە دواى ١٨ى مانگەوە دەستدەکات بە دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەران و کە ئەوان دەستیان بە دابەشکردنى مووچە کرد ئەوکات لیستەکان دەنێرین.

لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیشەوە وتى، پلەبەرزکردنەوە پڕۆسەیەکی ئاسان نییە، بەهۆى ئەوەى زیاتر لە ١٠ ساڵە پلەبەرزکردنەوە بۆ فەرمانبەران نەکراوە، دوو تا سێ مانگ زیاتر کاتی دەوێت تاوەکو وردبینی لە دۆسێی فەرمانبەران دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لە ١٠٠ ملیار دینارى پێویست دەبێت.


PM:02:31:17/04/2024