لە بارەی هەڵبژاردنەوە سەرکردایەتی یەکێتی کۆدەبێتەوە

وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند" سبەینێ پێنج شەممە ئەنجوومەنی سەکردایەتیی یەکێتی  لەسەر ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن و چەند پرسێکی دیکە گفتوگۆ دەکەن".

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی بە کەناڵێکی نزیک حزبەکەی راگەیاندووە" سبەی پێنجشەممە ١٨ـی نیسان، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی لەسەر چەند پرسێک کۆدەبێتەوە، یەکێک لە پرسەکان تایبەتە بە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دابەشکردنی سەرکردایەتییەکان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن."

لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئەوەش دەخاتەڕوو کە سبەی تاوتوێی سەردانەکانی ئەم دواییەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بۆ عێراق و وڵاتانی دەرەوە دەکرێت.

" تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی، تایبەت دەبێت بە ئامادەکارییەکانی کارەکانی کۆنفڕانسی مەکتەبی رێکخستن."( بە گوێرەی قسەکانی پیرە).

ئەمڕۆ لە دیداری سلێمانی زانکۆی ئەمەریکیدا لە چەند لێدوانێکی کورتدا بافڵ تاڵەبانی راگەیاند کە ١٠ ی حوزەیران هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دەدرێت.



AM:12:27:18/04/2024