بەم ڕێگایانە بیرتان بەهێز بكەن

چەند پسپۆڕێكی فەرەنسی ئاماژە بەوە دەكەن كە چەند دەتوانرێت لەڕێی سیستمی خۆراكیەوە و بەپێی ژەمەكان، بیری مرۆڤ بەهێز بكرێت و ئەگەری توشبونی بە نەخۆشیەكاین بیرچونەوە كەمبكرێتەوە.
بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی ئی سانتێی فەرەنسی خواردنی خۆراكی تەندروست و دوركەوتنەوە لە خۆراكە ناتەندروستەكان سودێكی زۆریان بۆ بیر هەیە.
ئەو ماڵپەڕە لەسەر زاری پسپۆڕەكانەوە ئاماژە بەوە دەكات كە پێویستە هاوڵاتیان لە ژەمی بەیانیاندا لە خواردنی گۆشت و شیرینی دوربكەونەوە، هەروەها لە ژەمی نیوەڕواندا پێویستە خۆراكە قورسەكانی وەك برنج و مەعكەرۆنی و نان و پەتاتە نەخورێت، باشترە پشت بە خوارنی ماسی و سەوزە و میوە بخورێت چونكە ئەو خۆراكانە بەدرێژی ڕۆژ وردبینی زیاد دەكەن، لە ژەمی ئێوارانیشدا پێویستە ئەو خۆراكانە بخورێت كە سوكن و هەرسكردنیان ئاسانە.
خواردنی ئۆمیگا سێش یەكێكە لە خۆراكە گرنگەكان بۆ بەهێزبونی بیر، بۆیە پێویستە هەفتانە سێ جار ئەو ماسیانە بخورێن كە دەوڵەمەندن بەو ماددەیە بە تایبەت ماسیەكانی سەلەمون و سەردین.
هەروەها پێویستە گرنگی بە خواردنی میوەی وشك و چەرەساتەكانی وەك بادەم و بوندوق بدرێت،چونكە دەبنە هۆی پاراستنی خانەكانی مێشك و ئەگەری توشبوون بە زەهایمەر كەمدەكەنەوە.
باشتریشە گرنگی بە خواردنی ئەو خۆراكانەش بدرێت كە دەوڵەمەندن بە ئاسن، بە تایبەت گۆشتی سور و سەوزەكان، چونكە ئەو خۆراكانە دەبنە هۆی گواستنەوەی ئۆكسجین بۆ مێشك و خانەكانی دەپارێزن.



PM:03:17:29/10/2014