داعش ڤیدیۆیەكی (HD) لەسەربڕینی دیلەكان دروست دەكات

گروپی تیرۆریستی داعش ڤیدیۆیەكیان لەكوشتنی دیلەكانیان دروست كردوە كە كوالێتی ڤیدیۆكە (HD)‌و زیاتر لە 200 هەزار دۆلاری تێچووە.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی "ستار"ی توركی، گروپی داعش بۆ نانەوەی ترس‌و دڵەڕاوكێی زیاتر سەرقاڵی ئەوەن چەندین ڤیدیۆ بە كوالێتی بەرز دروستبكەن، بۆ ئەم مەبەستەش بۆ بەرهەمهێنانی نوێترین ڤیدیۆ كە كوشتنی 22 دیلی سوریا لەلایەن تیرۆریستانەوە نیشان دەدات، پێشكەوتوترین كامێراكان بەكارهاتووە.

شارەزایان دەڵێن بۆ ئەم ڤیدیۆیە بە كوالێتی (HD) لانیكەم 200 هەزار دۆلار خەرجكراوە. لەم ڤیدیۆیەدا بۆ یەكەمینجار تیرۆریستەكانی داعش سەروچاویان دانەپۆشیەوە. سەركردەی ئەم گروپە لە جەلادەكان لەلایەن كەسێكی بە رەگەز بەریتانی بەناوی "جۆن موجاهید"ە.

لەڤیدیۆكەدا دەردەكەوێت كە ئامادەكارەكان چەندین جار شوێنی كامێراكان دەگۆڕن‌و بەپێی زانیارییەكان ئەو 22 تیرۆریستەی دیلەكان دەكوژن خەڵكی وڵاتانی ئوسترالیا، ئەندۆنزی، مالیزیا، فیلیپین، بەریتانیا، بەلجیك، ئەڵمانیا‌و باقی وڵاتانی دیكەن.

تەنها یەكێك لەتیرۆریستەكان كە ناسراوەتەوە "گیدن ماكسیم هۆشار" خەڵكی فەرەنسایە كە ساڵی 2013 بەداعش پەیوەست بووە.



PM:11:56:09/12/2014