نوێنەری پاپا: کوردستان سەدان ساڵە لانکەی پێکەوە ژیانە

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، د. یوسف محەمەد بە یاوەری شاندێکی پەرلەمانی و نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا، لە دوو دیداری جیادا شەوی١٠-٢ سەردانی کاردیناڵ فێرناندۆ فیلۆنی سەرۆکی کۆمەڵەی مژدەی گەلان و نوێنەری  پاپا فرانچیسکۆ و پاول ڕیچارد گالەگێر وەزیری دەرەوەی ڤاتیکانی کرد.

لە دیداری نوێنەری ڤاتیکان سەرۆکی پەرلەمان وتی "لە هەرێمی کوردستان شانازی بە پیکەوە ژیانی ئاینی و نەتەوە جیاوازەکانەوە دەکەین، مەسیحی و یەزیدی و شەبەک و کاکەییەکان لە ناوچەکانی ترەوە هەڵدێن، لە کوردستان نیشتەجێ دەبن، داواکارین لە ڤاتیکان و دەوڵەتانی ئەوروپا هانی مەسیحییەکان نەدەن بێنە ئەوروپا و مافی پەنابەری وەربگرن، بەڵکو لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بن و خاکەکەی خۆیان جێنەهێڵن.

نوێنەری پاپا، ڕاگەیاند، کوردستان سەدان ساڵە لانکەی پێکەوە ژیانی ئاینەکان، ئێستاش ئێوە بە هەمان شێوەی ڕابردوتان، درێژە بەو پێکەوە ژیانە دەدەن و لە ئێستادا ئاینزا جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان هەست بەئارامی و حەوانەوە دەکەن.! دواتر سەرۆکی پەرلەمان و شاندی یاوەری سەردانی وەزیری دەرەوەی ڤاتیکانیان کرد و لە دیدارێکدا، سەرۆکی پەرلەمان، سڵاوی پەرلەمان و خەڵکی کوردستانی بە ڤاتیکان گەیاند و هیوای خواست لە داهاتوودا سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لە نزیکەوە ئاگای لە ڕەوشی ئاوارەکان بێت، داوایکرد حکومەتی ڤاتیکان هانی مەسیحییەکانی عێراق بدەن لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە تا ناوچەکانیان ئازاد دەکرێت.

وەزیری دەرەوەی ڤاتیکان ڕایگەیاند"جێگەی خۆشحاڵییە، ئەو داوایەی ئێوە هەتانە، پاپا فرانچیسکۆش هەمان داواکاریی لە مەسیحییەکانی کوردستان و عێراق هەیە، بۆیە ئێمە لە ڤاتیکانەوە سڵاو دەنێرین بۆ ئازایەتی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان کە ئەمڕۆ بوونەتە سیمبولی پارێزگارییکردن لە گیانی پێکەوە ژیان .



AM:10:26:11/02/2015