میوە ڕەنگ سورەكان ئەم سودەیان هەیە

توێژینەوەیەكی نوێی ئەمریكی چەند سودێكی میوە ڕەنگ سورەكان ئاشكرا دەكات و ئاماژە بەوە دەكات كە میوەی سور ئەگەری توشبونی ژنان بەشێرپەنجەی مەمك كەمدەكاتەوە.
توێژینەوەكە لەلایەن چەند پسپۆڕێكی زانكۆی ئۆهایۆ ئەنجامیانداوە و بۆیان دەركەوتووە، بوونی ماددە دژە ئۆكسیدەكان بە رێژەیەكی زۆر لەناو پێكهاتەی میوە سورەكاندا وایكردووە ئەو میوانە سودێكی زۆریان بۆ تەندروستی هەبێت و ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی مەمك كەمبكەنەوە.
سەرپەرشتیارانی توێژینەوەكە ئاماژە بەوە دەكەن ئەو میوە ڕەنگیان سورە و ئاو و دەنكیان تێدایە، بە شێوەیەكی سروشــتی ماددەی ترشی ئالاجیك دروست دەكەن و ئەو مادەیەش گەشەی خانە شێرپەنجەییەكانی مەمك دەوەستێنێت.
بەپێی توێژینەوەكە شەربەتی میوەكانیش بەهەمان شێوە دژی نەخۆشی شێرپەنجەن بە تایبەت شەربەتی هەنار.
پسپۆڕەكان دەیانەوێت چەند توێژینەوەیەكی دیكە لەسەر ماددەی دژە و ئۆكسیدەكان كاریگەرییەكانیان لەسەر شێرپەنجە ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی زیاتر لە ئەنجامەكان دڵنیا ببنەوە.



PM:12:47:11/02/2015