هێزە كوردییەكانی كۆبانێ داوا لە خێزانە عەرەبەكان دەكەن ماڵەكانیان جێ نەهێڵن

‌كۆبانێ
كەتیبەكانی "شەمسی شیمال" كە لەشەڕی دژی داعش هاوپەیمانی یەپەگە‌و یەپەژەن، داوا لەخەڵكی شارەكانی "مینبەج، جەرابلوس، سرین‌و شیوخ" دەكەن ناوچەكانیان چۆڵ نەكەن چونكە سەركەوتن نزیكە.

لەبەیاننامەیەكدا كە كەتیبەكانی شەمسی شیمال بڵاویانكردوەتەوە داوا لەخەڵكی شاروچكە‌و گوندەكانی دەوری شاری كۆبانێ دەكەن كە ماڵەكانیان چۆڵ نەكەن‌و بۆ هیچ شوێنێك رەو نەكەن.

كەتیبەكانی "شەمسی شیمال" كە سەر بە سوپای ئازادی سوریان‌و لەیەكەم رۆژی بەرگرییكردن لەكۆبانێ شان بەشانی یەپەگە‌و یەپەژە بەرگرییان لەو شارە كردوە هەروەها ئاماژە بەوە دەكەن كە رۆژ بە رۆژ گوندەكانی كۆبانێ لە دەست چەكدارانی تیرۆریستی داعش ئازاد دەكرێن‌و ئەم شەڕە كە داعش بە "چارەنوسساز"ی دادەنا، تیایدا شكا‌و پاشەكشەی كرد.

هەروەها لەبەیاننامەكەدا هاتووە: ئێمە داوا لەخەڵك دەكەین تا یەكپارچە خاك  لەدەستی داعش‌و رژێمی ئەسەددا مابێت، بەردەوام دەبین لە تێكۆشان‌و  داوا لەخەڵكی " مینبەج، جەرابلوس، سرین‌و شیوخ" دەكەین دان بە خۆدا بگرن‌و ماڵەكانیان چۆڵ نەكەن، سەركەوتن نزیكە.

لەگەڵ پاككردنەویە گوند‌و ناوچەكانی دەوروبەری كۆبانێ  لەلایەن شەڕڤانانی یەپەگە‌و یەپەژە‌و كەتیبەكانی شەمسی شیمال، ژمارەیەك زۆر لەو ناوچانەی كە هەندێكێان یارمەتی داعشیان داوە ماڵ‌و گوندەكانیان چۆڵ دەكەن‌و بەرەو توركیا هەڵدێن.



PM:01:58:12/02/2015