کۆسرەت رەسووڵ‌و بەرهەم ساڵح داوایەکی مەلا بەختیار رەتدەکەنەوە

هەر دوو جێگرەکەی سکرتێری گشتی یەکێتی، کۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح داوایەکی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی رەتدەکەنەوە کە داوای کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی میدیای راگەیاند مەلا بەختیار لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا نامەیەکی ئاراستەی هەر دوو جێگری سکرتێری گشتی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کردووەو داوا دەکات کە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی سازبکرێت لەسەر بارودۆخی یەکێتی و راپۆرت لیژنەکان و هەلومەرجی ئەمڕۆی سیاسی کوردستان و ناوچەکە، بەڵام هەر دوو جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی ئەو داوایەیان رەتکردۆتەوە.

ئەمە دووەم نامەی مەلا بەختیارە لەم ماوەیە رابردوودا ئاراستەی هەر دوو جێگر و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەکرێت، بەڵام هەر دووجێگرەکە رەتیدەکەنەوە.

مەلا بەختیار کە هەژمار دەکرێت لەسەر باڵی هێرۆ ئیبراهیم، ئەو باڵە پێیوایە کە تەواو نەبوونی راپۆرتی لیژنەکان پەیوەندی نەبێت بۆ کووبەوەنەوەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و ئەو دەستە باڵایانەی یەکێتیەوە کە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیان سازبکەن، بەڵام هەرچی باڵی کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵحە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە دەبێت هەموو راپۆرتەکان تەواوبکرێن و لەلایەن بەرپرسانی هەر دوو باڵەوە هەڵسەنگێنرێن، پاشان بخرێنە بەردەم مەکتەبی سیاسی و کۆبوونەوەیان لەسەر بکرێت.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، تا ئێستا راپۆرتی لیژنەی پێشمەرگە تەواو نەبووە، لیژنەی داراییش داوای دەسەڵاتی زیاتر دەکەن بۆ ئاشکراکردنی دارایی یەکێتی، بەرپرسانی باڵی ئەم دوو لیژنەیەش کە لەلایەن شێخ جەعفەر مستەفا و رزگار عەلیەوە سەرکردایەتی دەکرێت هەر دووکیان سەر بەباڵی کۆسرەت رەسوڵن.   



PM:06:32:27/03/2015