راگه‌یه‌ندراوێك له‌سه‌ر کۆبوونەوەی‌ نێوان حکومەت‌و پەرلەمان

کۆبوونەوەی نێوان پەرلەمان‌و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، پرسی نەناردنی بودجەی هەرێم‌و پابەندنەبوونی بەغدا بەڕێکەوتنی نێوانیان‌و گەڕان بەدوای بژاردەی تردا، بۆ دابینکردنی بودجە و داهاتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەسەر کرا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٤ی ئایاری 2015، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان‌و قوباد تاڵه‌بانی‌ جێگری سەرۆک وەزیران‌و وەزیرانی په‌یوه‌ندار، سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کردو لە لایەن یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان‌و جەعفەر ئیمینکی جێگرو فەخرەدین قادر سکرتێری پەرلەمان پێشوازییان لێكراو له‌گه‌ڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان‌و لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمان کۆبوونەوەیەک ساز کرا.

به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا، یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان، هیوای خواست کۆبونەوەکە هەنگاوێک بێت بەرەو کۆدەنگیی نیشتمانی لەسەر پرسە تایبەتمەندەکانی پەیوەست بە ژیانی هاووڵاتیانی  کوردستان، داوای لە شاندی حکوومەتی هەرێمی‌ كوردستان کرد، دواهەمین هەنگاو پێشهاتەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ شاندی پەرلەمان بخەنە ڕوو.

 نێچیرڤان بارزانی ، ئاماژەی بە گرفتەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرد و وتی "بەداخەوە بەغدا هەرجارەی بە بیانوویەک کێشەمان  بۆ درووست دەکات، ئێمە پانەندی ڕێکەوتنەکە بووین و نەوتی پێویستمان ناردووە، بەڵام بەغدا بودجەی‌ هەرێمی كوردستانی‌ وەک خۆی نەناردووە."

لەبارەی پلانی داهاتووی حکومەتی هەرێمی‌ كوردستانه‌وه‌، بۆ ئەم پێشهاتە نوێیە، به‌ڕێز سەرۆک وەزیران وتی "هەرێمی کوردستان کارتی بەدەستەوەیە بەکاری بێنێت، بەڵام دەمانەوێت دەرفەتێک بدەینەوە بە بەغداو لەڕێگەی دانیشتنەوە گرفتەکان چارەسەربکەین."

 دواتر وەزیرانی تایبەتمەند و سەرۆکی فراکسیۆنەکان و ئەندامانی لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمان پرسیاریان ئاڕاستەی شاندی حکومەتی هەرێم کرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا فراكسیۆنه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌و لیژنه‌ په‌یوه‌نداره‌كان، پشتگیرییان بۆ حكوومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دووپاتكرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ ئه‌گه‌ری‌ پابه‌ندنه‌بوونی‌ حكوومه‌تی‌ فیدرال به‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ عیراقه‌وه‌و نه‌ناردنی‌ بڕه‌ پاره‌ی‌ شایسته‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، حكوومه‌تی‌ هه‌رێم بریاری‌ خۆی‌ بدات و به‌پێی‌ یاسای‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ڕێكاری‌ دیكه‌ بۆ دابینكردنی‌ بودحه‌ی‌ پێویست بگرێته‌ به‌ر.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وتی "بەداخەوە حکوومەتی بەغدا پابەندی یاسای بودجە نەبووە، ناکرێت پێشمەرگە لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕی تیرۆرستاندا خوێنی بڕژێت و بەغداش بە بیانووی جیاواز بودجەکەی ببڕێت".



PM:01:57:14/05/2015