یەکێتی ئیدانەی تەقاندنەوەی بۆریی نەوتی کوردستان دەکات

وتەبێژی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە حزبەکەی ئیدانەی تەقاندنەوەی بۆریی گواستنەوەی نەوتی کوردستان لە باکووری کوردستان دەکات.

پاش سێ رۆژ لە تەقاندنەوەی بۆریی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە باکووری کوردستان، کە هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە بەیاننامەیەکدا بەرپرسیارێتی خۆیانی لە تەقاندنەوەکە راگەیاند، عیماد ئەحمەد، گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رایگەیاندووە، کە ”پێشمان وایه‌ ئه‌وه‌ هه‌نگاوێكی دروست نییه‌و پێویسته‌ په‌لاماردانی قوتی خه‌ڵك و ژێرخانی ئابووری دووباره‌ نه‌كرێته‌وه‌".

بەپێی ماڵپەڕی فەرمیی یەکێتی، عیماد ئەحمەد بە ئاماژەدان بە پێویستیی لەبەرچاوگرتنی ”بەرژەوەندیی گشتیی هاوڵاتییان" و ئیدانەکردنی تەقاندنەوەکە، رایدەگەیەنێت، کە ”نابێت قوتی هاووڵاتییان ببێته‌ به‌شێك له‌ ململانێكان".



PM:03:19:01/08/2015