دووەمین ساڵیادی كۆچی دوایی شیركۆ بێكەس بەرز راگیرا

‌فۆتۆ: خەندان
ئەمرۆ لە دووەمین ساڵیادی شاعیری گەورەی كورد‌و ئێمپراتۆری شیعری كوردی، شێركۆ بێكەس رێوڕەسمێك لە لەسەر گڵكۆكەی بەڕێوەچوو.

لەسەرەتای رێوڕەسمەكەدا كە لەلایەن دەزگای چاپ‌و پەخشی سەردەم رێكخرابوو،  پێشانگه‌یه‌كی‌ شێوه‌كاری‌ كرایه‌وه‌ كه‌ تیایدا چه‌ند تابلۆیه‌كی‌ شاعیری گه‌وره‌ و ناوداری كورد شێركۆ بێكه‌س له‌لایه‌ن خانمه‌شێوه‌كار ئه‌ستێره‌ مه‌ولودی‌ نمایشكرا.

له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا هونه‌رمه‌ند دیاری‌ قه‌ره‌داغی‌ گۆرانییه‌كی‌ پێشكه‌ش كرد كه‌ هۆنراوه‌ی‌ گۆرانییه‌كه‌ له‌لایه‌ن شێركۆ بێكه‌س دانرابوو، دواتر هه‌ریه‌ك له‌ شوان عه‌توف و ساڵح بێچار چه‌ند ده‌قێكی‌ شیعری‌ ئه‌و شاعیره‌ گه‌وره‌یه‌ی‌ كوردیان خوێنده‌وه‌.

شێركۆ بێكەس، کوڕی‌ شاعیری‌ ناوداری‌ کورد فایەق بێکەس و لە (2/5/1940) لە شاری‌ سلێمانی لەدایکبوە‌، شاعیرێكی گەورەی كوردە، كوڕی شاعیری ناوداری كورد فایەق بێكەسە، لەگەڵ چەند نوسەرێكی تردا لە حەفتاكانی سەدەی رابردودا رەوتی روانگەیان دامەزراندوە، كە بەیەكێك لە گروپە چالاكەكانی بواری ئەدەبیاتی كوردی لەسەدەی رابردودا دادەنرێت.

شێركۆ بێكەس بە یەكێك لە تازەگەر و شاعیرە بەناوبانگەكانی شیعری كوردی ناسراوه‌، تائێستا دەیان خەڵاتی نێودەوڵەتی لە بواری شیعردا وەرگرتوە، دیارترینیان لە ساڵی 1998 لە سوێد خەڵاتی توخۆلسكیی پێ بەخشراوە، كە یەكێكە لە خەڵاتە گەورەكانی بواری ئەدەبیات لە جیهاندا، به‌ یه‌كێك له‌ شاعیرە نوێخوازەکانی‌ ھاوچەرخی‌ کورد دادەنرێت.

شێركۆ بێكه‌س لە ساڵی (1986) وڵاتی عێراقی بە جێھێشتوه‌ لە ساڵەکانی (1987-1992) لە وڵاتی سوید بوە و پاشان گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان.

خاوەنی پتر لە (30) كتێبی شیعرییە، بەشێك لە شیعرەكانی وەرگێڕاون بۆ زمانەكانی "عەرەبی و توركی و فارسی و ئینگلیزی و سوێدی و دانیماركی و فەرەنسی و ئیتالی و ئەڵمانی و هەنگاری و دوا كاریشی بەڕێوەبەری دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بو لە شاری سلێمانی.



PM:09:18:04/08/2015