ھەشت ھەزار کادیری پارتی ١٩ ساڵە موچەی بەڵاش وەردەگرن

سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابوری لەپەرلەمانی کوردستان دەڵێت: ھەشت ھەزار کادیری پارتی  لەساڵی ١٩٩٦  لەگەنجینەی یەکی سلێمانی لەھەولێرو گەنجینەی دووی کەرکوک و گەرمیان لەھەولێر کە دەکاتە ١٩ ساڵ، موچەی بەلاش وەردەگرن بەبێ دەوامکردن.

پاش ئەوەی بڕیارێكی سەرۆكی حكومەت سەبارەت بەھەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کارکردنی چوارھەزار فەرمانبەری سلێمانی راگەیەنرا، پەرلەمانتارێكی كوردستان دەڵێت: ئەگەر دەیەوێت چاکسازی بکات، سەرەتا با لەپارتیەوە دەست پێبکات و دواتر بێتەسەر گۆڕان و یەکێتی.
پاش ئەوەی نزیکەی چوار ھەزار فەرمانبەری ڕێکخراوەکان کە کادیری ھەموو حزبەکانی تێدایە، گواسترانەوە سەر وەزارەتەکان، لەئێستادا ئەنجومەنی وەزیران بەئیمزای نێچیرڤان بارزانی داوای ھەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە دەکات، کە زۆربەیان کادیرانی سەر بەیەکێتین.
د. عیزەت سابیر سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابوری لەپەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی ڕاگەیاند، بەشێکی زۆری ئەو فەرمانبەرانە لەسەر پشکی یەکێتی و گۆڕانن، "منیش وەک سەرۆکی لیژنەی دارایی داوا لەسەرۆکی حکومەت دەکەم بەو بڕیارەیەدا بچێتەوە".

وتیشی:"ئێمە ھەموو لەگەڵ پرۆسەی چاکسازیداین و پشتیوانیشی دەکەین و داواشدەکەین خانەنشینی نایاسایی و دامەزراندنی نایاسایی ڕابگیرێت، بەڵام بەبۆچونی من ئەم بڕیارە، دەرھاویشتەی ئەو کێشە سیاسیەی سەرۆکایەتی ھەرێمە".

د. عیزەت سابیر ئەوەشی وت:"ئەو ئەگەر چاکسازی دەکات، پێویستە لەحزبەکەی خۆیەوە دەستپێ بکات، نەک بێت و لەگۆڕان و یەکێتیەوە دەست بەچاکسازی بکات".

ئاماژەی بەوەشکرد، ھەشت ھەزار کادیری پارتی  لەساڵی ١٩٩٦  لەگەنجینەی یەکی سلێمانی لەھەولێرو گەنجینەی دووی کەرکوک و گەرمیان لەھەولێر کە دەکاتە ١٩ ساڵ، موچەی بەلاش وەردەگرن بەبێ دەوامکردن، "بڕی ئەو پارەیەش کە بەوان دراوە سەدان ملیۆن دۆلار دەکات".

ئاشکراشیکرد، زانیارییان ھەیە لەمساڵدا ئەو فەرمانبەرانە خراونەتەسەر میلاکی وەزارەتی دارایی، دەشڵێت:"ئەگەر ئەو بڕیارە جێبەجێدەکات دەبێت ئەو ھەشت ھەزار فەرمانبەرەش ھەڵبوەشێنێتەوە".



PM:03:47:03/09/2015