هەرچەندە هەموو ئەو کەسایەتییانەی سەردانی نەوشیروان مستەفایان کردووە، بە پێچەوانەی میدیاکانی پارتیەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن باری تەندروستی باشەو هیچ کێشەی نییە، بەڵام ئاماژەکان ئەوە ئاشکرا دەکەن کە بەمزووانە ناوبراو ناگەڕێتەوە کوردستان، سپی هۆکارەکەی ئاشکرا دەکات.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لە کەسێک زیاترەوە کە سەردانی نەشیروان مستەفایان کردووە دەست سپی کەوتووە، ناوبراو لەبەرنامەیدا نییە لەم مانگەشدا بگەڕێتەوە کوردستان، نەگەڕانەوەشی پەیوەندی بەبارودۆخی سیاسی هەرێم و پەیوەندی حیزبەکان و خەڵکەوە هەیە.
سپی زانیویەتی نەوشیروان مستەفا دەیەوێت کاتێک بگەڕێتەوە کوردستان "سوپرایزێکی سیاسی" پێ بێت بۆ خەڵکی کوردستان، لەوانە کەوتنەوە گەڕی پرۆسەی سیاسی، رێککەوتنی لایەنەکان، ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی لایەنەکان، بەڵام ئەو پێیوایە لەم کاتەدا ناتوانێ سوپرایزێکی لەو چەشنە مسۆگەر بکات.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، نەوشیروان مستەفا رای وایە کە پرۆسەی سیاسی لەهەرێمدا " چەقیووە"، بۆ دەربازبوون و لەو چەقبەستنەش پێویستە پارتی هەندێک " تەنازولات " بکات، بەڵام بەبۆچوونی ئەو لەم بارودۆخەدا پارتی هیچ ئامادەییەکی تێدا نییە " تەنازولات" بکات.
لەم حاڵەتەدا نەوشیروان مستەفا کە واناسراو خولقێنەری رووداو تێکەڵکردنەوەی کارتەکانەو دۆزینەوەی دەرچەیە، بەڵام لەم قۆناغەدا هیچ پێ ناکرێت، هەربۆیە " جارێک لە دەرەوەی وڵات دەمێنێتەوە" وەک سەرچاوەکان باسی دەکەن.
بەپێی زانیارییەکانی سپی ئەو پێیوایە ئەو "چەق بەستنەی" ئێستا لە پرۆسەی سیاسی لەکوردستاندا هەیە، بارودۆخی هەرێم بەرەو ئاقارێکی خراپ دەبات و پەیوەندی لایەنەکان لەنێوخۆیانداو، لایەنەکان لەگەڵ خەڵکدا تێکدەچێت، هەر بۆیە لەم ڕووەشەوە نایەوێت بێتەوە هەرێم بۆ ئەوەی ئەوباڵی تەقینەوەی بارودۆخەکەی نەکەوێتە ئەستۆ و گەڕانەوەی ئەو بە هۆکاری سەرەکی نەزانن لە تێکچوونی بارودۆخەکەدا.
بەپێی زانیارییەکانی سپی، ئەو دوو حاڵەتە هۆکاری سەرەکی نەگەڕاندنەوەی نەوشیروان مستەفان بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام سپی زانیویەتی "ئەگەر بارودۆخی کوردستان بەهەر روویەکیدا وەرچەرخێت، بەرووی پۆزەتیڤدا یان نێگەتیڤ، ناوبراو دەگەڕێتەوە کوردستان.
نەگەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا بۆ کوردستان لەم کاتە ئاڵوز‌و چارەنووسازەدا، لەلایەن هەندێک ناوەندی گۆڕان و خەڵکەوە بە کارێکی " نێگەتیڤانە" ناوزەد ناکرێت، چونکە ناوەندێکی زۆری خەڵک پێیوایە، ئەو "چەق بەستنەی" ی ئەمڕۆی پرۆسەی سیاسی کوردستان ئەویش بەرپرسیارێتی بەشێکی دەکەوێتە ئەستۆ، "چونکە هەموو ئەو سیاسەتەی گۆڕان لە ساڵی ٢٠٠٩ ەوە پیادەی کردووە تا دەرکردنی وەزیرەکان و رێگا گرتن لە سەرۆکی پەرلەمان تا بگەڕێتەوە سەرکارەکەی ئەندازیارەکەی نەوشیروان مستەفا بووە.
نەوشیروان مستەفا ئەمین (لەدایکبووی ١٩٤٤ لە سلێمانی) ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕانە و جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، دروستکەری باڵی ڕیفۆرم بوو لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، دوای ئەوەی نەیتوانی ڕیفۆرم لەنێو یەکێتیدا بکات لە ساڵی ٢٠٠٦ وازی لە یەکێتی ھێنا و دەستی کرد بەدامەزراندنی کۆمپانیای وشە کە خاوەنی ڕۆژنامەی ڕۆژنامە، ماڵپەڕی سبەی، کەی ئێن ئێن، ڕادیۆی دەنگی گۆڕان و سەنتەرێکی ڕاپرسی بوو.
لە ساڵی ٢٠٠٩ دا بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەوشیروان مستەفا لەگەڵ ھەڤاڵەکانی بە لیستێکی نوێ و بەناوی لیستی گۆڕانەوە دەستیان کردەوە بە کاری سیاسی.
نەوشیروان مستەفا خاوەنی چەندان کتێب و تاری فیکری و سیاسی و رۆژنامەوانیە.
لەکتێبەکانی : کورد و عه‌جه‌م، کورد و جه‌نگی 20 ساڵه‌ی رۆم و عه‌جه‌م، میرایه‌تی بابان له نێوان به‌رداشی رۆم و عه‌جه‌مدا، له په‌راوێزی مێژوه‌کانی ئه‌رده‌ڵاندا، حکومه‌تی کوردستان: کورد له گه‌مه‌ی سۆڤێتیدا، ئێمه‌و ئه‌وان،
مێژوی رۆژنامه‌وانی: چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ک له مێژوی رۆژنامه‌وانیی کوردی (به‌رگی یه‌که‌م 1898 – 1918 (، چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ک له مێژوی رۆژنامه‌وانیی کوردی (به‌رگی دووه‌م 1918 – 1938)،چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ک له مێژوی رۆژنامه‌وانیی کوردی (به‌رگی سێیه‌م 1938 - 1958)، به‌شی یه‌که‌م: رۆژنامه‌وانیی نهێنی، به‌شی دوه‌م: پروپاگانده‌ی جه‌نگ، به‌شی سێیه‌م: رۆژنامه‌ی ئه‌هلی ، ژیان: به ته‌مه‌نترین رۆژنامه‌ی کوردی (1926 – 1938)، سه‌رده‌می قه‌ڵه‌م و موراجه‌عات (1927 – 1931)، له که‌ناری دانوبه‌وه بۆ خڕی ناوزه‌نگ (دیوی ناوه‌وه‌ی روداوه‌کانی کوردستانی عیراق 1975 – 1982)، په‌نجه‌کان یه‌کتری ئه‌شکێنن (دیوی ناوه‌وه‌ی روداوه‌کانی کوردستانی عیراق 1979 – 1983).خولانه‌وه له بازنه‌دا(دیوی ناوه‌وه‌ی روداوه‌کانی کوردستانی عیراق 1984 – 1988).
سه‌رکه‌وتنی ناکام، خه‌ون یان مۆته‌که، یاداشته‌کانم له مه‌جلیسی حوکم دا، مفاوه‌زاتی به‌عس - به‌ره‌ی کوردستانی (1991).