ئەمنستی پێشمەرگە بە روخاندنی خانووی عەرەبەكان تۆمەتباردەكات

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی هێزەكانی پێشمەرگە تۆمەتبار دەكات بە تێكدان و كاولكردنی هەزاران خانووی هاوڵاتییانی عەرەب لەو گوندو ناوچانەی كۆنتڕۆڵیان كردوونەتەوە لەدەستی داعش‌و داوا لەهەرێم دەكات بەزوترین كات رایبگرێت.

لێبوردنی نێودەوڵەتی(ئەمنستی ئینتەرناشناڵ)  كە چاودێری رەوشی مافەكانی مرۆڤ دەكات لەسەرتاسەری دونیا، لەڕاپۆرتێكیدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردوەتەوە باسلەوەدەكات هێزەكانی پێشمەرگە ئەو خانوانەی عەرەبەكانیان تەقاندوەتەوە یان بە بلدۆزەر تەختیان كردوون یاخود سوتاندویانن، بۆئەوەی هاوڵاتییانی عەرەب دوور بخەنەوە، بەو بیانووەی كە پاڵپشتیی چەكدارانی داعشیان كردووە.

 راپۆرتەكەی لێبوردنی نێودەوڵەتی كەوەك خۆیان دەڵێن بەوێنەی مانگە دەستكردەكان پشتڕاست كراوەتەوە، ئەوەپیشاندەدات كە ئەو گوندانە لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەو هێزی ئێزدییەكان و هێزەكانی كوردانی توركیاو سوریا(پەیەدەو پەكەكە) كە هاوكاریی پێشمەرگە دەكەن، كاول كراون.

لەو بارەیەوە جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە خەندانی راگەیاند: "هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە هیچ شێوازێك دەستی نەبووە لە وێرانكردنی ئەو ناوچانەی كە شەڕی تێدایە، هەموو دونیاش دەزانێت یەكێك لەو كارانەی كە رێكخراوی تیرۆریستی داعش پشتیی پێدەبەستێت، بۆمبڕِێژكردن و تەقاندنەوەی خانو رێگاو بانەكەنە".

ئەو بەرپرسەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان باس لەوە دەكات كە بۆردومانی فڕۆكەكانی هاوپەیمانان هۆكارێكی دیكەیە بۆ وێرانبوونی ئەو ناوچانەو دەڵێت: "ئێمە لە شەڕێكی گەورەداین، 60 وڵات لە رێگەی فڕۆكەی جەنگییەوە  رۆژانە هێرش دەكەنە سەر ئەو ناوچانەی كە داعشی تێدایە، كە بەزۆری لەناو خانوی هاوڵاتیان و بارەگای حكومیدان".



PM:02:13:20/01/2016