"لەسەر تەقاندنەوەی بۆری غازەکە عەبدوڵا کوێخا دەدەنە دادگا"

‌عەبدولآ کوێخا موبارەک هەڵسوڕاوی گۆڕان
بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند" عەبدوڵا کوێخا بەرپرسی مەکۆی چەمچەماڵی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر تەقاندنەوەی بۆریە غازی نێوان چەمچەماڵ – هەولێر دەدەنە دادگا".

ماڵپەڕی باسنیوزی نزیک مەسرور بارزانی لە میانەی هەوالێکیدا کە لەزاری بەرپرسێکی پارتیەوە بڵاویکردەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لە لێکۆڵینەوە لەو کەسانەی کە گومانی تەقاندنەوەی بۆریە گازەکەی نێوان چەمچەماڵ – هەولێریان لێ دەکرێت، لێکۆڵینەوە لە عەبدوڵا کوێخاش بەرپرسی چەمچەماڵی گۆڕانیش دەکرێت.

دوای ئەوەی شەوی پێنجشەممە لە سەر هەینی، بۆڕیی گواستنەوەی غاز لە نێوان شارەدێی (شوان) و شاری هەولێردا تەقێندرایەوە، ئەمڕۆ شەممە 30\1\2016، ”نازم هەرکی"، جێگری سەرۆکی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندووە" بە دڵنیاییەوە دەستێکی سیاسی لە پشت ئەو بابەتەوە هەیە و لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێندراوە و لەبەر سەلامەتیی لێکۆڵینەوەکان، وردەکاری ئاشکرا ناکەین".
 
نازم هەرکی، لەدرێژەی قسەکانیدا بۆ ئەو ماڵپەرە دەڵێت " ڕوونکردەوە کە هەفتەیەک پێش ڕووداوەکە، لە لایەن کەسێکی سیاسییەوە هەڕەشەی تەقاندنەوەی بۆڕیی گواستنەوەی غاز کراوە، بۆیە کاتێک لێکۆڵینەوە دەکرێت، مرۆڤ دەچێتەوە پێش ڕووداوەکە و بزانێت کێ هەڕەشەی کردووە، لێژنەی لێکۆڵینەوە ئیشی خۆی دەکات و گومان لە سەر هەر کەسێک هەبێت و هەر کەسێک هەڕەشەی کردبێت، لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت".
  
عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان و بەرپرسی مەکۆی چەمچەماڵی ئەو بزووتنەوەیە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشەی تەقاندنەوەی بۆڕیی گواستنەوەی غازی کردبوو.
 



PM:07:44:30/01/2016