18 ملیۆن مەتری چوارگۆشە لەخاكی هەرێم لە مین پاككرایەوە

دەزگای مین بۆ پاككردنەوەی خاكی كوردستان لە مین‌و تەقەمەنی لەساڵی 2015دا توانیوانە 18 ملیۆن مەتری چوارگۆشە لەخاكی كوردستان لە مین پاك بكەنەوە.

راگەیاندنی دەزگای مین لەمبارەیەوە:

دەزگای مین رووبەرێكی بەرفراوان پاك دەکاتەوە

لە درێژەی کاروچالاکییەکانی دەزگای مین بۆ پاككردنەوەی خاكی كوردستان لە مین و تەقەمەنی، لە ساڵی 2015 دەزگای مین بەهاهەماهەنگی لەگەڵ ئەو رێكخراوو كۆمپانیایانەی كە لە بواری كاروباری مین كاردەكەن بە تایبەتیش لە بواری پاككردنەوەی کێڵگە مینڕێژكراوەكان توانی 18 ملیۆن مەتری چوارگۆشە لە خاكی هەرێمی كوردستان لە مین و تەقەمەنی پاكبكاتەوە. زۆربەی زۆری ئەو کێڵگە مینرێژكراوانە لەو ناوچانە بوون كە كاریگەی راستەوخۆیان لەسەر ژیانی رۆژانەی هاوڵاتیان هەبوو و ببونە رێگر لە بەردەم چالاكییەكانی رۆژانەی هاوڵاتیان و پرۆژەكانی ئاوەدانكردنەوە. هەروەها ئەو ناوچانەش كە تازە لە دەست چەكدارانی داعش ئازادكراونەتەوە و پاككردنەوەی ئەو ناوچانە هۆكاری ئەوە بووە كە خەڵكی ئەو ناوچانە بێ ترس و دوودڵی بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان.
لە میانەی ئەو پرۆسەی پاكسازییەدا توانرا 16024 مین و تەقەمەنی جۆراو جۆر و هەروەها 354 بۆمبی چێنراو لەناوببردرێن كە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە دانرابوون.

راگەیاندنی دەزگای گشتی کاروباری مین



PM:01:44:08/02/2016