گۆڕان: تەقاندنەوەی بۆری نەوتی هەرێم بەهەڵەیەكی گەورە دەزانین

پەرلەمانتارێكی گۆڕان ڕەخنە لە تەقاندنەوەی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان دەگرێت دەڵێت: تەقاندنەوەی بۆری نەوتی كوردستان  لێدان نییە لە ژیان و ئایندەی چەند بەرپرسێك بەڵكو لێدانە لە ژێرخانێكی ئابوری پێنەگەیشتوو.

عەلی حمە ساڵح لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك ڕایگەیاندووە، هەمومان ڕەخنەمان لە داهاتی نەوت و گەندەڵییەكانی بواری نەوت و دیارنەمانی سەدان ملیۆن دۆلاری نەوت هەیە،هەروەها دڵنیایین لەوەی كەلەسەر حسابی نەوت و خەڵكی كوردستان چەندین بەرپرسی پارتی و یەكێتی بوون بە خاوەنی دەیان و بەشێكی كەمیشیان سەدان ملیۆن دۆلار، بەڵام ئەمە ناكاتە ئەوەی تەقاندنەوەی بۆری نەوتی هەرێم بەڕاست بزانین.

دەشڵێت: تەقاندنەوەی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان بەهەڵەیەكی گەورە دەزانین، ئەم هەڵەیە لێدان نییە لە ژیان و ئایندەی چەند بەرپرسێك بەڵكو لێدانە لە ژێرخانێكی ئابوری پێنەگەیشتوو.

پەرلەمانتارەكەی گۆڕان دەڵێت: ئەم كارە وەك ئەوە وایە رەخنەت لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران هەبێت، بەڵام لەبری گۆڕین و چاككردن، بیناكەی بتەقێنیتەوە.

ڕونیشیكردۆتەوە ، پەكەكە تا ئێستا بەرپرسیارییەتی خۆی بە تەقاندنەوەی بۆری نەوتی كوردستان رانەگیاندووە، بەڵام رەتی ئەو تۆمەتانەشی نەداوەتەوە كە ئاراستەی كراوە .

عەلی حمە ساڵح وتوشیەتی ، هیوادارم ئەمە بەرنامە و ئەجێندای پەكەكە نەبێت، چونكە ئەمە تەنیا زیانگەیاندن نیە بە دەسەڵاتدارانی توركیا ، بۆیە  پێویستە پەكەكە رونكردنەوە بدات.



AM:10:28:19/02/2016