"تەقاندنەوەی بۆری نەوتەکە رۆژانە٧٩ ملیۆن دۆلار زەرەرمان لێدەدات"

بڕیاردەری لیژنەی داراییی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت  "ئەو زەرەر و زیانە داراییەی لە تەقاندنەوەی لوولە نەوتییەكەی هەرێم رۆژانە دەكاتە زیاتر لە پارەی مووچەی وەزارەتێكی گەورەی وەكو وەزارەتی پەروەردە یان وەزارەتی پێشمەرگە بە تەواوی".

 هێڤا حاجی میرخان  بڕیاردەری لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی راگەیاند" ئەو زەرەر و زیانە داراییەی لەم كردەوە تیرۆریستییە بەر هەرێمی كوردستان كەوتووە، دەكاتە زیاتر لە پارەی مووچەی وەزارەتێكی گەورەی وەكو وەزارەتی پەروەردە بە تەواوی، یان دەتواندرا مووچەی 5 بۆ 6 وەزارەتی بچووكی پێ دابین بكرابوایە."

بڕیاردەری لیژنەی دارایی روونیشی كردەوە: "ئەم لوولە نەوتییەی هێرشی كراوەتە سەر، شادەماری هەناردەكردنی نەوتی هەرێمە. ئێمە رۆژانە 610 هەزار بەرمیل نەوتمان هەناردە دەكرد، ئەگەر بە مەزندەش نرخی نەوت بە 26 دۆلار هەژمار بكەین، ئەوا بۆ هەر رۆژێك هەرێمی كوردستان بڕی (79,300,000) حەفتاونۆ ملیۆن و سێسەد هەزار دۆلار زیانی بەردەكەوێت."
  



PM:11:30:20/02/2016