جارێکیتر ته‌قه‌ له‌ مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێری یه‌کێتی کرایه‌وه‌

شەوی رابردوو لەلایەن ئۆتۆمبیلێكی جام رەشەوە تەقە لە مەڵبەندی 3ی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كرا‌و بەرپرسی مەڵبەندەكەش دەڵێت تەقەكەرەكان هەمان تەقكەكەرەكانی پێشوون.

لەمبارەیەوە  شێروان عەوڵا شوانی، بەرپرسی راگەیاندنی مەڵبەندی 3ی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە شاری هەولێر بە سایتی خەندانی راگەیاند: "كاتژمێر 1:00 شەوی رابردوو، ئۆتۆمۆبێلێكی جام رەشی جۆری لانكلۆزەر، تەقەی لە مەڵبەند كردووە و پاشان هەڵهاتووە".

وتیشی: "پاسەوانەكانی مەڵبەند وەڵامیان داونەتەوە و تەقەیان لێكردوون".

ماوەیەك پێش ئێستا تەقە لە شاری هەولێر تەقە لە مەڵبەندی 3ی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان كراو و پۆلیس و ئاسایشی هەولێریش رایانگەیاند كە تەقەكردنەكە لە ریستۆرانتێكی بەرامبەر مەڵبەند بووە و تەقەكەرەكەش دەتسگیركراوە، بەڵام وتەبێژی مەڵبەندی 3ی یەكێتی دەڵێت: "تەقەكەرەكان هەمان ئەو كەسانەبوون كە پێشتر تەقەیان لێكردین".

نەقیب هۆگر عەزیز محەمەد، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر راگەیاند: "كەسەكە لەنزیك مەڵبەندی 3ی یەكێتی تەقەی بە ئاسماندا كردووە و پاشان هەڵهاتووە".

وتیشی: "دوابەدوای روداوەكە دەستبەجێ‌ هێزەكانمان چوونە شوێنی روداوەكە ولە بەردەم مەڵبەندا جێگیر بوون".

وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاشكراشیكرد كە دەستیان كردووە بە لێكۆڵینەوە لە روداوەكە: "دەستمانكردووە بە لێكۆڵینەوە لە روداوەكە، ئەو شوێنشە كامێرای چاودێری زۆری لێیە كە هاوكارمان دەبێت بۆ دۆزینەوەی تۆمەتبارەكە".



AM:10:01:09/03/2016