ناوەرۆکی بەیانی دامەزراندنی سیستەمی فیدراڵی رۆژئاوای کوردستان

ئەمڕۆ لەرۆژئاوا لە رومێلآن لەسەر داوای هەرسێ کانتۆنی ( جەزیرەو کوبانێ و عەفرین) ئەنجومەنی دامەزرێنەری سیستەمی  فیدراڵی بۆ رۆژئاوا راگەیاندرا.

لە بەیاننامەی دامەزراندنی ئەو ئەنجومەنەدا هاتووە" لەسەر داوای هەرسێ کانتۆنی جەزیرەو کوبانێ و عفرین نوێنەرانی لایەنە سیاسیەکان و چالاکوانانی ئەو ناوچانەی لەدەستی رێکخراوە تیرۆریستیەکان رزگارکراون لە رۆژانی ١٦ و ١٧-٣ کۆبووینەوەو ئەم بڕیارانەمان دەرکرد".

ئەو بڕیارانە کە ژمارەیان ١٠ بڕیارە هاتووە" ئایندەی سوریا بۆ هەموو سوریەکانە ئەوەش لەڕێگای سیستەمێکی فیدراڵێ دیموکراسیەوە دەبێت لەسەر بنەمای هەموو پێکهاتەکان".

هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کار دەکرێت بۆ بنیاتنانی سیستەمێکی فیدراڵی بۆ رۆژئاوا- لە باکوری سوریا.

لەو بایەندا هاتووە کە سەرۆکایەتییەکی هاوبەشی دامەزرێنەر دروستدەکرێت، لەگەڵ دەستەیەکی رێکخستن لە ٣١ ئەندام.

هەموو ئەو لیژنەو بەڵگەنامانەی دەردەچن پشت بەو بەڵگەنامە نێودەوڵتیانە دەبەستێت کە لەلایەن کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڕیاری لەسەر دراوە. ( وەک لە بەیانەکەدا هاتووە ).

مافی ژنان ناوەرۆکی سیستەمی دیموکراسی فیدراڵیە، وەک بەیانەکە ئاماژەی بۆ کردووە ژنان مافی تەواوی بەشداری یەکسانیان هەیەو، هەموو ئەو بڕیارانەی دەریدەکەن پشت بەیەکسانی ژن و پیاو دەبەستێت لە گشت بوارەکانی سیاسی و کۆمەلآیەتیدا.

لە بەیانەکەدا ئاماژە بۆ ئەو ناوچانەکراوە کە ئازاد دەکرێن لە دەستی گرووپیە " تیرۆریستیەکان" و دەتوانن ببن بەبەشێک لەو سیستەمە فیدراڵیە.

ئامانجی ئەو فیدراڵیەتەی رۆژئاوا دروستی دەکا ت لەسەر ئاستی هەرێمایەتی دروستکردنی یەکێتی فیدراڵیە بۆ رۆژهەلآتی ناوەراست و پێشخستنی ئەو یەکێتییە لەنێوان گشت گەلانی رۆژهەلآتی ناوەراست لەبواری سیاسی و ئابوری و کەلتوری، لەسەر بنەمای تێپەڕاندنی سنوری دەوڵەتی نەتەوەیی, تا گەلان بتوانن بە یەکسانی و برایەتی و لەئارامیدا بژین.

بەیانی کانتۆنەکانی رۆژئاواو رێکخراوەکانی هەوڵدەدەن بۆ دامەزراندنی سیستەمی فیدراڵی و پاراستنی یەکێتی خاکی سوریا. 
لە بەیانەکەدا هاتووە کە ئەوان بڕوایانوایە کە نموونەی فیدراڵی رۆژئاوا دەبێتە نموونەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سوریا.



PM:08:27:17/03/2016