"کۆبوونەوەی لیژنەی قیرانەکان بێ هیچ ئەنجامێک کۆتایی هات"

کۆبوونەوەی لیژنەی قەیرانەکانی حکومەتی هەرێم کە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی سەرۆکایەتی دەکەن، بێ هیچ ئەنجامێک کۆتایی هات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی قەیرانەکان هیچ بڕیارێکی تێدا نەدراوە، هۆکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە وەزیری سامانە سروشتیەکان د ئاشتی هەورامی لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەکی وردی لەسەر داهاتی نەوت نەخستۆتە بەردەم کۆبوونەوەکە کە نەوت ماوەیەکە لە بازاڕە جیهانییەکانی نرخی یەک بەرمیلی بەرزبۆتەوە بۆ نزیکەی ٤٥$ دۆلار.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا جۆرە ساردیەک کەوتۆتە نێوان قوباد تاڵەبانی و وەزیری دارایی بە وەکالەت، رابەر سدیقەوە، ئەو ساردیەش پاش ئەوە دورستبووە کە لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی بە وەکالەت ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ناوچەکانی سلێمانی داهاتەکانیان رادەستی ناوەند لە هەولێر ناکەن، قوباد تاڵەبانیش داوای کردووە کە ئەوەی بۆ بسەلمێنیت.

ئەو کێشەیە بەپێی سەرچاوەکەی سپی بەو بارەدا یەکلایی بۆتەوە کە نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە وەزیری دارایی بە وەکالەت بۆ کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتوو راپۆرتێک ئامادە بکات لەسەر بڕی داهاتەکانی ( باج و رسومات و گومرگی ) هەر چوار پارێزگاکە.



PM:10:21:25/04/2016