بۆ دووەمجارە رێگا نادرێت هێرۆ ئیبراهیم سەفەر بۆ دەرسیم‌و کوبانێ بکات

لە مانگی ئازارەوە هێرۆ ئیبراهیم ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەبەرنامەیدا بووە سەردانی هەریەک لە دەرسیم لە باکورو کۆبانێ لە رۆژئاوا بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە لەو سەردانانەدا.

رۆژنیوز ماڵپەڕی نزیک پارتی کرێکارانی کوردستان بڵاویکردەوە کە دەسەڵاتدارانی تورکیا فیزەیان نەداوە بە هەریەک لە مەلا بەختیار کارگێری مەکتەبی سیاسی و هێرۆ ئیبراهیم ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، بەشداری مەراسیمی حەوتەمین کۆنفرانسی کۆمەڵکوژی دێرسیم بکەن.

دەربارەی ئامەدەنەبوونی مەلا بەختیار لەو کۆنفرانسە، مەریوان عەلی سکرتێری ڕۆژنامەوانی مەلابەختیار لەلێدوانێکیدا دەڵێت" شتێکی لەو شێویە نیە کە ڕێگری لە کاک مەلابەختیار کرابێت بچێتە تورکیا داوای فیزەشی نەکردووە، ئەو تازە لە ئەوروپا گەڕاوەتەوە و  لەبەرنامەشیدا نەبووە سەردانێکی بەو شێوەیە بکات".

تا ئێستا هێرۆ ئیبراهیم ئەحەمەد لەو بارەیەوە هیچ روونکردنەوەیەکی بڵاونەکردۆتەوە، پێتشریش لە نەورۆز لە ٣/٢١ هێرۆ ئیبراهیم لە بەرنامەیدا بووە سەردانی کوبانێ لە رێگای ئەمەریکیەکانەوە  بکات، بەڵام ئەو گەشتەش ئەنجام نەدرا.

ئەمە دووەم سەردانی ئەو بەرپرسەی یەکێتییە کە لە پلانیدابووە بۆ دوو بۆنەی نەتەوەیی بچێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە.

ئەمڕۆ کۆنفرانسی جینۆسایدی دەرسیم لەژێر ناوی (لەبیرمان ناچێت دەبێ دان بەو کۆمەڵکوژیەدا بنرێت و دێرسیم نوژەن دەکەینەوە) لە باکور دەستی پێکردو چەندین بابەتی سیاسی و فیکری لەلایەن بەرپرسانی هەدەپەوە پێشکەشکران.



PM:09:28:04/05/2016