گۆڕان داوایه‌کی یه‌کێتی ره‌تکرده‌وه که سه‌ردانی ئه‌دهه‌م بارزانی بکات به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌کاریه‌وه وه‌ک لێپرسراوی سلێمانی پارتی، به‌ڵام ئه‌و رایگه‌یاند" پێشوازی له بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌کات ئه‌گه‌ر سه‌ردانیان بکه‌ن".
له کۆنگره‌یه‌کدا که قادر حه‌مه‌جان و ئه‌دهه‌م بارزانی له باره‌گای ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی پارتی کۆکرده‌وه، ئه‌دهه‌م بارزانی ئاماژه‌ی بۆ برایه‌تی پارتی و یه‌کێتی کرد‌و وتی "ئه‌و برایه‌تییه به‌رده‌وام ده‌بێت".
حاکم قادر حه‌مه‌جان کارگێڕی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی که سه‌رۆکایه‌تی وه‌فدی حیزبه‌که‌ی ده‌کرد له‌و سه‌ردانه‌دا وتی " له‌چه‌ند رۆژی دهاتوودا سه‌ردانی لایه‌نه‌کان ده‌که‌ین، جا ئه‌و سه‌ردانه به‌ته‌نها بێت، یان له‌گه‌ڵ گۆڕان پێکه‌وه".
ئه‌و وتیشی "ئێمه ته‌نها نێوه‌ندگیری ناكه‌ین و به‌شێكین له پرۆسه‌ی سیاسی و كێشه سیاسییه‌كان".
ئه‌و سه‌ردانه‌ی یه‌کێتی دوای ئه‌وه دێت که چه‌ند جارێک له‌گه‌ڵ گۆڕاندا باسی ئه‌وه‌یان کردبوو که پێکه‌وه سه‌ردانی ئه‌دهه‌م بارزانی به‌رپرسی نوێی ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی پارتی له ناوچه‌کانی سلێمانی بکه‌ن، به‌ڵام گۆڕان لای خۆیانه‌وه ئه‌و داوایه‌یان ره‌تکرده‌وه، ئه‌وه بوو ئه‌مڕۆ وه‌فدێکی یه‌کێتی به‌سه‌رۆکایه‌تی قادر حه‌مه‌جان به‌رپرسی ده‌سته‌ی کارگێری سه‌ردانی باره‌گای پارتیان له سلێمانی کرد.