نێچیرڤان بارزانی‌و قوباد تاڵەبانی سەردانی روسیا دەکەن

سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی و پارێزگاری کەرکوک سەردانی روسیا دەکەن و چاویان بە گەورە بەرپرسانی ئەو ولآتە دەکەوێت.

وا بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا وەفدێکی بالآی کورد کە لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و د. نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکوک پێکدێت، سەردانی ولآتی روسیا بکەن و چاویان بە گەورە بەرپرسانی ئەو ولآتە بکەوێت.

سەرچاوەیەکی کوردی ئاگادار بە سپی راگەیاند" سەردانی ئەو بەرپرسە بالآیانەی کورد لەسەر باگهێشتی بەرپرسانی رووسیا بووە".

ولآتی رووسیا بە ئاشکرا لە کۆڕبەندە جیهانییەکاندا داکۆکی لە کورد دەکات و جەخت لەسەر مافەکانیان دەکاتەوەو هاوکات یارمەتی چەک و تەقەمەنی هێزی پێشمەرگەو شەڕڤانانی داوە، ئەمە جگە لەوەی بەپێی هەندێک سەرچاوەی نا فەرمی چەندجارێک فڕۆکەکانی رووسیا لە رۆژئاوا سەنگەرەکانی داعشیان وەک کۆمەکێک بۆ شەڕڤانانی یەپەگە، بۆردومان کردووە.

پێش دوو مانگ لەمەوبەر بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سکرتێری گشتی بەسەردانێکی فەرمی چووە ولآتی رووسیاو لەگەڵ لافرۆف وەزیری دەرەوەی ئەو ولآتە کۆبوەوە، هەروەها پێشتریش ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پەیەدەو سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی هەدەپە سەردانی ئەو ولآتەیان کردووەو هەریەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەیەدە لە مۆسکۆ نوێنەرایەتی فەرمیان هەیە.   


PM:10:32:10/06/2016