دەزگا ئەمنییەکانی تورکیا لە رۆژانی رابردوودا دوو لە ئەنجامدەرانی تەقینەوەکی فڕۆکەخانەی ئەتاتورکیان ئاشکرا کرد، سێهەمیشیان کە ئاشکرا نەبوو، ناوی ئەحمەد چاتایێڤ و خەڵکی چیچانە.
دەسەڵاتدارانی تورکیا لە رۆژانی رابردوودا ناوی هەریەک لە فادیم عوسمانۆف و راکیم بۆلغارۆفیان ئاشکرا کرد، بەڵام ناوی سێهەمیان بۆ ئاشکرا نەبوو، ئەمڕۆ میدیاکانی رووسیا ناوی سێهەمیانی ئاشکرا کرد کە ئەحمەد چاتایێڤەو خەڵکی چیچانە.
چاتایێڤ لە تەمموزی ساڵی ١٩٨٠ لە گوندی ڤیدینۆ ی چیچانی لەدایک بووە . لە جەنگی ڕوس و توندڕەوە چیچانیەکاندا لەتەمەنی ١٢ ساڵیدا بریندار دەبێت و دەستێکی دەپەڕێت .
لەساڵی ٢٠٠٣ ەوە لە ڕوسیاوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەردەچێت و هەڵدێت بۆ ئەوروپا و لە نەمسا داوای پەنابەری دەکات . لەکێسی داوای پەناهەندەییەکەیدا گوتوویە بەهۆی ئەشکەنجەوە لەلایەن پۆلیسی ئەمنی ڕوسیاوە دەستم لەدەستداوە .
لەساڵی ٢٠٠٨ دا لە سوید دەستگیردەکرێت بە تۆمەتی ئەوەی لە ئوتومبیلەکەیدا بڕێک ماددەی ئامادەکاری ئەتۆمی دەدۆزنەوە و لەگەڵ گروپێکی تیرۆریستی دا ساڵێک زیندانی دەکرێت، کە ئازاد دەکرێت دەچێتە جۆرجیا و لەوێوە بەشداری کاری تیرۆرستی دژ بە حکومەتی چیچانی و ڕوسی دەکات لە داغستان.
ساڵی ٢٠١١ پۆلیسی جۆرجی دەیگرێت، بەهۆی ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی لەسەر ئاشکرا نابێت ئازاد دەکرێت . لەو ساڵەدا لەگەڵ کچێکی جۆرجیدا هاوسەرگیری دەکات .
لەمانگی ئابی ٢٠١٢ دا جارێکی تر پۆلیسی جۆرجی بریاری گرتنی بۆدەردەکەن ، لەپاش ڕووبەڕوو بوونەوەی لەگەڵ هێزە ئەمنیەکانی جۆرجیادا هەڵدێت و لەوێوە دەچێتە تورکیا.
لەو ماوەی لە جورجیا دەبێت هاوڕێیەتی لەگەڵ عومەر حەسەن چیچانی دا پەیدا دەکات کە یەکێکە لەسەرکردە سەربازیەکانی داعش لە سوریا و لەگوندی بانکیسی ماوەیەکی زۆر بەنهێنی دەمێننەوە.
لە ساڵی ٢٠١٣ لە ڕێگەی تورکیاوە دەچن بۆ سوریا و بەشداری شەڕەکانی داعش دەکات. لە شوباتی ٢٠١٥ دا ناوی دەچێتە لیستی تیرۆریستانی وەزارەتی داد ئەمەریکیەوە.
ئەوەی جێگای سەرنجە لە ساڵی ٢٠٠٣ وە ڕوسیا داوا لە وڵاتانی نەمسا و سوید و جۆرجیا و تورکیا دەکات تەسلیمی روسیای بکەنەوە، بەڵام بەبیانوی ئەوەی روسیا مافی مرۆڤی تیادا پارێزراو نیە داواکەی روسیا رەتدەکەنەوە .
شەوی ٦/٢٨ سێ خۆکوژ هێرشیان کردە سەر فرۆکەخانەی ئەتاتورک دوای کوشتنی چەند کەسێکی هێزە ئەمنییەکانی فڕۆکەخانەکە، خۆیان تەقاندەوەو لەئەنجامدا ٤٣ کەس کوژرا کە ١٩ بیانی بوو، هەروەها ٢٣٨ کەسی تریش بریندار بوون.