کارەکانی ئیتلافی گۆڕان‌و یەکێتی تەواو دەبێت
کێشەی د. تافگە ئەحمەد بەرەوچارەسەر دەڕوات

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند" هەفتەی داهاتوو هەموو پرسێکی ئیتلافی گۆڕان‌و یەکێتی لەسەر ئاستی پەرلەمانی عێراق کۆتایی پێدێت، کێشەی پەرلەمانتار د. تاڤگە ئەحمەدیش بەرەو چارەسەر دەچێت".

هۆشیار عەبدوڵا سەرۆکی فراکسیۆن گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەت بۆ سپی رایگەیاند" هەفتەی داهاتوو پەیڕەوی ناوخۆی ئیئتلافی نێوان فراکسیۆنەکانی یەکێتی و گۆڕان لە پەرلەمانی عیراق پەسەند ئەکرێت، دوای ئەوەی لیژنەی تایبەت بە نوسینەوەی پەیڕەوەکە کارەکانی تەواو کردوە، تەنها ماوەتەوە لەکۆبۆنەوەیەکی گشتیدا هەموو ئەندامانی ئیئتلاف پەسەندی بکەن".

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان ئاشکرای کرد لیژنەی گەڵاڵەکردنی ئیتلافەکە لەلایەن هەردوو لاوە پێکهاتووە لە ئاڵا تاڵەبانی، ئارێز عەبدوڵا، شێرکۆ مەنگوری، عبدلباری زێباری، لە گۆڕانیش پێکهاتووە لە هۆشیار عەبدوڵا، کاوە محەمەد، ئەمین بەکر.

ناوبراو دەڵێت" دوای ئەوەی ئەندامانی هەردوو فراکسێۆن بە شیوەی مەبدەئی پەسەندی دەکەن دەخرێتە بەردەم سەرکردایەتی هاوبەش بۆ پەسەندکردنی کۆتایی".

سەبارەت بە ناوی ئیئتلافەکە، هۆشیار عەبدوڵا ئەوەی خستە روو " دوو بۆ چون هەیە، ئایا لە هەرسێ ئاستی هەرێم و بەغدا و پارێزگاکان یەک ناو بێت، یا ناوی جیایان هەبێت ئەوەش سەرکردایەتی هاوبەش یەکلای دەکاتەوە".

سەبارەت بە ژمارەی ئەندامانی ئەو ئیئتلافە، ژمارەیان ۳٠ ئەندامە ۲۱ ئەندامی یەکێتی و ۹ ئەندامی گۆڕانە، هۆشیار عەبدوڵا ئاشکرای کرد " ئەوەی پەیوەندی بە هەڵوێست و حاڵەتی د.تاڤگەوە هەیە من  لەگەڵیدا دانیشتوم و ئەو بەرێزە دەنگ و کورسیەکەی بە هی گۆڕان دەزانێت و ئەو گرفتەی لە رابردوشدا رویدا بەرەوچارەسەر دەروات و هەنگاوی ئیجابی دوو لایەنە  لەو روەوە نراون، و چاوەروانیش دەکرێت ئەو ئیئتلافە فروانتر ببێت، بەو پێیەی کراوەیە بە روی پەرلەمانتار و فراکسێۆنەکانی تردا".

لەحاڵەتی تەواوبوونی کارەکانی ئیتلافی گۆڕان و یەکێتی ژمارەی کورسیەکانیان لە پەرلەمانی عێراق دەبێت بە ٣٠ کورسی، بەمەش دەبن بەگەورەترین ئیتلاف و دوای ئەوان پارتی دێت کە ٢٥ کورسی هەیەو بە پێکهاتەکانەوە کە ٣ کورسین و پارتی بە کورسی خۆیانی دەزانن، دەبنە ٢٨ کورسی.



PM:01:04:14/07/2016