بارزانی لەسەر رێگریكردن لە شاندی هەرێم لەلایەن وەزیری دەرەوەی عێراقەوە هاتەدەنگ

ئەمرۆ بارزانی لەسەر رێگریكردنی وەزیری دەرەوەی عێراق لە شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەشداریكردن لە كۆنفرانسی وڵاتانی هاوپەیمانانی دژی داعش ڕاگەیاندنێكی بڵاوكردەوە.

بارزانی لە راگەیاندنەكەیدا كە لەهەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوی كردووەتەوە، دەڵێ "ئێستە لەبەردەم دوو ڕێگەداین، یان ئەو واقیعە قبووڵ بكەین كە خەڵكی تر هەركات ویستیان كێشەمان بۆ دروست بكەن و بڕیار لە چارەنووسمان بدەن و بە پاشكۆیی بمێنینەوە، یان بەیەكەوە بڕیارێكی هاوبەش بدەین و بەرەو سەروەری و سەربەخۆیی هەنگاو بنێین. پشت بە خوا و ئیرادەی گەلی كوردستان لە ئاییندەیەكی نزیك دەردەكەوێ كە كێ پاشكۆیی دەوێت و كێ سەرەوەریی هەڵدەبژێرێت".


 دەقی راگەیاندنەكە:

هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان

گەلی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستانی داعش باجێكی گەورەی مرۆیی و ئابووری دا. پێشمەرگە بە قوربانیدانی خۆی ئەفسانەی داعشی شكاند و هێزی سەرەكیی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرە لە ناوچەكەدا. كەچی لە كۆنفڕانسی وڵاتانی هاوپەیمانی دژی داعش لە واشنگتۆن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕێگری كرد لەوەی شاندی هەرێمی كوردستان بەشداری كۆنفڕانسەكە بێت كە لایەنی سەرەكیی شەڕی دژی داعشە.

بەداخەوە لایەنی میوانداری كۆنفڕانسەكەش خواستی وەزیری جێبەجێ كرد. ئەو نموونە و زۆر نموونەی تر دەریدەخەن كە ماف و قوربانیدانی گەلی كوردستان دەكرێ زۆر بە ئاسانی پشتگوێ بخرێ و مامەڵەی نابەجێی لەگەڵدا بكرێت و بە بڕیار و میزاجی خەڵكی تر ببەسترێتەوە. ئەمەیان بە هیچ شێوەیەك قابلی قبووڵ نییە و لەگەڵ ڕۆڵ و پێگە و قوربانیدانی گەلەكەمان ناگونجێت و بۆ چارەسەركردنی گرفتی لەمشێوەیە پێویستیمان بە سەروەرییە و دەبێ خاوەنی بڕیاری خۆمان بین.

دوای ئەو هەموو نەهامەتی و قوربانیدانە، ئێستە لەبەردەم دوو ڕێگەداین، یان ئەو واقعە قبووڵ بكەین كە خەڵكی تر هەركات ویستیان كێشەمان بۆ دروست بكەن و بڕیار لە چارەنووسمان بدەن و بە پاشكۆیی بمێنینەوە، یان بەیەكەوە بڕیارێكی هاوبەش بدەین و بەرەو سەروەری و سەربەخۆیی هەنگاو بنێین. پشت بە خوا و ئیرادەی گەلی كوردستان لە ئاییندەیەكی نزیك دەردەكەوێ كە كێ پاشكۆیی دەوێت و كێ سەرەوەریی هەڵدەبژێرێت.



PM:05:44:25/07/2016