وادەی پێداچوونەوە بە پاشەکەوتی موچەدا ڕاگەیەندرا

ڕاوێژکارێکی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، ڕاگرتنی نەوت بۆ ماوەی مانگێک هەروەها تەقاندنەوەی چەند بیرە نەوتێک و ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی کەرکوک، هۆکاربوون بۆ دواکەوتنی موچەی فەرمانبەران، وتیشی هەرکاتێک داهاتی هەرێم زیادبکات چاو بە پاشەکەوتی موچەدا دەخشیندرێتەوە.

دڵشاد شەهاب ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و ئەندامی سەرکردایەتی پارتی ڕایگەیاند هەرکاتێک داهاتی هەرێم زیادبکات چاو بە پاشەکەوتی موچەدا دەخشیندرێتەوە.

لە میانی لێدوانێکیدا بۆ ئێن ئاڕ تی، دڵشاد شەهاب ڕایگەیاند " دواکەوتنی موچە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەمساڵ نەوتی هەرێم بەهۆی تەقاندنەوەی بۆرییەکەیەوە بۆ ماوەی مانگێک ڕاگیراوە و چەند بیرەنەوتێکی کەرکوکیش تەقێندراونەتەوە لەگەڵ بڕیاری ڕاگرتنی نەوتی کەرکوکدا هۆکاربوون بۆ ئەوەی داهاتی هەرێم کەمبێتەوە و موچە دوابکەوێت".

سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی موچەی خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان، ڕایگەیاند "موچەی خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان پاشەکەوتی تێدانەکراوە و بەوهۆیەوە حکومەت پێویستی بە بڕێک پارەی زیاترە بۆ ئەوەی موچەی ئەو کەسانە دابەش بکات، ئەگەر پاشەکەوت لە موچەی ئەواندا بکرایە دەتوانرا لەگەڵ موچەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکاندا موجەکانیان دابەش بکرێت".



AM:10:21:18/09/2016