لە سلێمانی فیلمێکی "قەدەغەکراو" لەسەر پێغەمبەری ئیسلام نمایشدەکرێت

لە سلێمانی فیلمی "محەمەد نێرداوی خودا" کە لە دەرهێنانی مەجید مەجیدی دەرهێنەری ئێرانییە و ساڵی ڕابردوو کاندیدی ئێران بوو بۆ فیلمی ئۆسکار نمایش دەکرێت، کە لە بەشێک لە وڵاتانی ئیسلامی بەتایبەتی ولآتە سونەکان قەدەغە کراوە.

ئەو فیلمە بڕیار بوو یەک ڕۆژ و لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی سینەمایی سلێمانی نێودەوڵەتی لە سینەما سالم نمایش بکرێت، بەڵام هەر ئەو ڕۆژە بلیتی فیلمەکە نامێنێت بۆیە بڕیاری درێژکردنەوەی دەدرێت.

سینەما سالم ڕایگەیاندووە "بەهۆی داواکاری زۆری بینەران و نەمانی بلیت، نمایشی فیلمی 'موحەمەد: پەیامبەری خودا ' لە سینەما سالم بەردەوام دەبێت! لە چوارچێوەی چالاکییەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی، ڕۆژی 4\10 کاتژمێر 9ی شەو، فیلمی 'موحەمەد: په‌یامبه‌ری خودا' له‌ سینما سالم نمایش دەکرێت".

نوسەر ئیحسان قابیل هاوكات رەخنەگری سینەماییەو یەكێكە لەو كەسانەی كە تەماشای فیلمەكەی كردووە دەڵێت "مەجید مەجیدی فیلمێكی بەرهەمهێناوە كە لەدوای فیلمی ریسالە دەتوانین لەناخەوە بڵێین كارێكی تەواوە. پانۆڕامایەكی كۆمەڵایەتی زۆر باشی تێدا بەكارهێناوە. فیلمەكە دەتوانێت سەرنجی جیهانی رۆژئاواو تەماشاكەری رۆژئاواییش بەلای خۆیدا راكێشێت".

وتیشی‌ "ئەو تایبەتمەندییانەی بەگشتی بە فیلمەكانی مەجیدییەوە دەبینرێن لەم فیلمەشدا بەدی دەكەین، فلمێكی بوێرانەی بەرهەمهێناوە. بەڕاستی مەجیدی دەرهێنەرێكی بەرچاوە".

تا ئێستاش فیلمەکە "خەڵاتی باشترین فیلمی بیانی، خەڵاتی تایبەتی فیستیڤاڵی فیلمی مۆنتێریاڵ و سێ‌ جار خەڵاتی گراند پریكسی ئەمریكی بەدەستهێناوە.

ماوی ئەم فیلمە ١٩٠ خولەکە و چیرۆکەکە فۆکەس دەکاتە سەر منداڵی پەیامبەری ئیسلام بە بێ پیشاندانی ڕووخساری. چیرۆکەکان لە ڕێگای کەسانی دییەوە دەگێڕدرێنەوە وەک باپیری عەبدولموتەڵیب، باپیری پەیامبەر.

سیناریۆنووس و دەرهێنەری ئەم فیلمە هەوڵیان دابوو، بۆ بەرهەمهێنانی، ڕاوێژ بە زانایانی ئایینی و ئاکادیمیستە شیعە و سووننەکان بکەن، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا زانکۆی ئەزهەری میسری، داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە نمایشی فیلمەکە قەدەغە بکەن، لەبەرئەوەی بە بۆچوونی ئەوان ئەم فیلمە پێگەی بەرزی پەیامبەری ئیسلام تێک دەدات.



PM:03:33:04/10/2016