بەشداری سووپای تورکیا لە شەری موسڵدا
یەکگرتووی ئیسلامی دەکات بە دوو بەشەوە

پێنج فراکسیۆنی پەرلەمانی کوردستان، جگە لە پارتی و یەکگرتوو دژی بەشداری سووپای تورکیان لە شەڕی موسڵدا، ئەو هەڵوێستەی فراکسیۆنی یەکگرتوو لەلایەن چەند پەرلەمانتارێکی ئەو حیزبەوە رەتکرایەوە.

ئەمڕۆ هەر پێنج فراکسیۆنی یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و شیوعی و بزووتنەوەی ئیسلامی دژی بەشداریکردنی سووپای تورکیا لە شەڕی رزگارکردنی موسڵ بەیانێکیان دەرکردو دژی بەشداریکردنی هێزەکانی ئەو وڵاتە رەتدەکەنەوەو داوای دەستبەجێ کشانەوەی دەکەن.

حاجی كاروان و غەریب مستەفا پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی یەکێتیان راگەیاندووە كە بڕیار بووە فراكسیۆنەكەی ئەوانیش بەشداربێت لەو راگەیەنراوە هاوبەشەدا، تا ئەوەشی بە فراكسیۆنەكەیان راگەیاندوە بەشداری راگەیەنراوەكە بكەن، " بەڵام نازانین بۆچی بەشداریان نەكردوە، دیارە ئەوەش پەیوەندی بەهەڵوێستی سیاسیەوە هەیە".

حاجی کاروان دەڵێت" بەهەموو شێوەیەك لەگەڵ ئەوەبووم فراكسیۆنەكەمان بەشداری ئەو راگەیەنراوەی پێنج فراكسیۆنەكەی تر بكات، چونكە دژی بوونی هەر هێزێكم لەناو خاكی كوردستان، جا توركیا بێت یان ئێران، یان هێزی هەر وڵاتێكی تر".
بەهەمان شێوە، غەریب مستەفا پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان ئەوەی بە PUKmedia راگەیاند " وەك تاكە كەس لەگەڵ ئەوەدا بووە فراكسیۆنەكەیان بەشدار بێت لەو راگەیەنراوە هاوبەشەدا، بەڵام بڕیاری بەشدارینەكردنیان لەلایەن فراكسیۆنەوەكە دراوە".

دوو رۆژ لەمەوبەر سەڵاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ (ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ)، باوەڕی خۆی پیشاندا بەپێویستی بەشداریكردنی هێزەكەی توركیا لەشەڕی موسڵ و وتی: توركیا دەوڵەتێكی میحوەری گەورەیەو ناكرێت لە هەموو شتێك دەستی هەبێت لە ناوچەكەداو لەوەدا بیسڕیتەوە، بەڵام شێوازی بەشداری كردنەكەشی لە شەڕەكەدا پێویستە بەلێكتێگەیشتن و بەخۆشی بێت.



PM:07:28:08/10/2016