پێنتاگۆن هۆشداریی‌ ده‌داته‌ حكومه‌تی‌ توركیا

وه‌زاره‌تی‌ به‌رگریی‌ ئه‌مریكا هۆشداریی‌ ده‌داته‌وه‌ حكومه‌تی‌ ئه‌نكه‌ره‌‌و رایده‌گه‌یه‌نێت، هیچ وڵاتێك مافی‌ نییه‌، به‌بێ‌ ره‌زامه‌ندیی‌ حكومه‌تی‌ به‌غداد، به‌شداریی‌ شه‌ڕی‌ رزگاركردنی‌ موسڵ بكات.

له‌ وه‌ڵامی‌ حكومه‌تی‌ توركیادا سه‌باره‌ت به‌ به‌شداریكردنی‌ سوپاكه‌ی‌ له‌ شه‌ڕی‌ رزگاركردنی‌ موسڵدا، وه‌زاره‌تی‌ به‌رگریی‌ ئه‌مریكا پێنتاگۆن، بۆ جارێكی‌ دیكه‌ هۆشداریی‌ دایه‌وه‌ حكومه‌تی‌ ئه‌نكه‌ره‌.

كاپتن جیف دایڤیس وته‌بێژ به‌ناوی‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگریی‌ ئه‌مریكا له‌ لێدوانێكی‌ ته‌له‌فزیۆنیدا رایگه‌یاند، نه‌ توركیا‌و نه‌ هیچ وڵاتێكی‌ دیكه‌ مافی‌ ئه‌وه‌یان نییه‌ به‌شداریی‌ شه‌ڕی‌ رزگاركردنی‌  موسڵ بكه‌ن له‌ ده‌ستی‌ رێكخراوی‌ داعش، هه‌تا ره‌زامه‌ندیی‌ حكومه‌تی‌ عێراق وه‌رنه‌گرن.

وتیشی‌: عێراق وڵاتێكی‌ خاوه‌ن سه‌روه‌رییه‌‌و هه‌ر كارێك له‌و وڵاته‌دا بكرێت، ده‌بێت به‌ئاگاداریی‌‌و ره‌زامه‌ندیی‌ حكومه‌تی‌ به‌غداد به‌ڕێوه‌بچێت.

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كردوه‌، هه‌ر وڵاتێك بیه‌وێت هاوكاریی‌ عێراقییه‌كان بكات له‌ شه‌ڕی‌ دژ به‌تیرۆردا، پێویسته‌ له‌سه‌ر داوای‌ حكومه‌تی‌ به‌غداد‌و به‌هه‌ماهه‌نگیی‌ ئه‌و وڵاته‌ بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كێشه‌ی‌ ئه‌منی به‌دوای‌ خۆیدا ده‌هێنێت‌و ئامانجه‌كانی‌ له‌ناوبردنی‌ تیرۆریستان ده‌شێوێنێت.





PM:03:23:28/10/2016