لە سلێمانی ..ئاسایش رێگری لە خۆپیشاندانی مامۆستایان دەکات

ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند" مۆڵەتیان بە هیچ گرووپ و دەستەیەک نەداوە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان"، قائیمقامی سلێمانیش پێی باش نییە خۆپیشاندانەکە لە شەقامی سەهۆڵەکەوە دەستپێبکات.

لە روونکردنەوەیەکدا کە کۆپیەکی دەست سپی کەوتووە، هاتووە"  لەم دۆخەی ئێستادا کە وڵاتی پێدا تێپەڕدەبێت، پێشمەرگە لەبەرەی جەنگه‌و داعش بۆ پارسەنگی شکستەکانی لەکەرکوک و لێرەو لەوێ هێرش دەکەن و پلانیان هەیە، "بۆیە مۆڵەتمان نەداوە لەم هەلومەرجەی ئێستادا، کە ئەو ڕێکخراوو گروپ و دەستانە زۆربەیان فەرمی نین و مۆڵەتی خۆپیشاندانیان نییە".

بەختیار عەبدولرەحمان، قایمقامی سلێمانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی راگەیاند " تائێستا ئەو بەفەرمی نوسراوی داواکاری بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی‌ بە دەست نەگەیشتووە بەڵام ئەوان لەگەڵ ئەوە نین شوێنی خۆپیشاندان سەھۆڵەکە بێت چونکە چەند رێگایەکی دەچێتەوە سەر".

نزیکەی هەفتەیەکە مامۆستایانی ناڕزای و چەند دەستەو گرووپی تر سەرقاڵی خۆئامادەکردنن بۆ خۆپیشاندانێکی " سەرتاسەری".

هەرچەند زیاتر لە مانگێکە سەرەتای هەموو هەفتەیەک مامۆستایانی ناڕازی گردبوونەوە لەبەردەم پەروەردەی رۆژئاوا لە سلێمانی سازدەکەن، بەڵام زۆربەی گردبوونەوەو خۆپیشاندانەکان، سنورداربوون، جگە لە خۆپیشاندانی ٩/٢٧ کە زیاتر لە ٧ هەزار کەس بەشداری تیاکرد. 




AM:10:10:31/10/2016