حکومەتی هەرێم راگەیەندراوێکی مەترسیدار لەسەر مامۆستایان‌ بڵاودەکاتەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیری پەروەردە هۆشداریان ئاراستەی مامۆستایان هەردوو پارێزگاری سلێمانی‌و هەڵەبجە کرد، کە ئەگەر بایکۆت بەردەوامبێت دەبێتە هۆی دواخستین ساڵی خوێندنی" ٢٠١٦- ٢٠١٧".
لە کۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی و د. پشتیوان سادق وەزیری پەروەردە، راگەیاندراوێک بڵاوکرایەوە کە لە بەشێکیدا هاتووە" درێژەدان بەم دۆخەی پەروەردە لەم سنوورانە دەبێتە ھۆی دواخستنی ساڵی خوێندنی (۲٠۱٦ ـ ۲٠۱۷) لە سنووری ھەردوو پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و بەمەیش ساڵێکی تەمەن و خوێندن لە قوتابیان و خەڵکی کوردستان بەفیڕۆ دەچێت".

دەقی راگەیاندنەکە
 
ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی (۲٠۱٦/۱۱/٦)ی زایینی، کۆبوونەوەیەک بە سەرپەرشتی بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیران و بە ئامادەبوونی وەزیری پەروەردە و بریکاری وەزارەتی دارایی لە پایتەختی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا ڕەوشی پەروەردە لە ھەرێمی کوردستان و پڕۆژە و کار و بەرنامەکانی وەزارەتی پەروەردە بەتایبەتی ڕێکخستنەوەی پەیکەری وەزارەت و میلاکات و خەرجی و داھاتەکان و خوێندنی پیشەیی و بە ئەلیکترۆنیکردنی وەزارەت تاوتوێ کران.

ھەروەھا بابەتی بایکۆتی خوێندن لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و ماف و سەختی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان یەکێکیتر بوو لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە کە تیایدا باس لەوە کرا حکومەتی ھەرێم ھەوڵ دەدات لە دەرفەت و زیادبوونی ھەر داھاتێکی تری خۆی، باشترکردنی باری دارایی مامۆستایان لە ئەولەویەت دابنێت و ھەروەھا ھەوڵی وەزارەتی پەروەردە بۆ دابینکردنی بڕە ھاوکارییەک بە ناوی ھاتووچۆ لە ڕێکخراوە بیانییەکان لەم مانگەوە و ھەر ھەوڵێکیتر لەلایەن ڕێکخراو و لایەنە سیاسییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام لەم سنوورە بە ئەرێنی ھەژمار دەکات.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا پێداگری لەسەر دڵسۆزی مامۆستایانی خۆشەویست بۆ پرۆسەی خوێندن و ئایندەی منداڵانی کوردستان کە ھاوشانە لەگەڵ خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە لە سەنگەرەکانی بەرگری بەتایبەت لەم قۆناغە ھەستیارەی کوردستاندا کرایەوە و داوایان لێ کرا کە بایکۆت بشکێنن و بچنەوە دەوامی خۆیان، چونکە دڵنیایان دەکەینەوە کە ئەم دۆخ و قەیرانە چارەسەر دەبێت، بەڵام لە بەرامبەردا درێژەدان بەم دۆخەی پەروەردە لەم سنوورانە دەبێتە ھۆی دواخستنی ساڵی خوێندنی (۲٠۱٦ ـ ۲٠۱۷) لە سنووری ھەردوو پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و بەمەیش ساڵێکی تەمەن و خوێندن لە قوتابیان و خەڵکی کوردستان بەفیڕۆ دەچێت کە پڕکردنەوە و قەرەبووکردنەوەی مەحاڵە.

وەزارەتی پەروەردە۲٠۱٦/۱۱/٦



PM:09:55:06/11/2016