یەک ملیۆن کتێب بەزمانی کوردیشەوە گەیشتە رۆژئاوای کوردستان

هاوسەرۆکی دەستەی پەروەردە و فێرکردن لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، یەک ملیۆن کتێبی پرۆگرامەکانی تازەی خوێندن گەیشتونەتە رۆژئاوا و ئێستاکە خەریکی ئامادەکاریین بۆ دابەشکردنیان بەسەر خوێندکارانی کانتۆنەکەدا.
 
وەک رۆژ نیوز بلآویکردەوە، سەمیرە حاجی عەلی، هاوسەرۆکی دەستەی پەروەردەو فێرکردن ئاشکرا کرد کە ئەو یەک ملیۆن کتێبە ئەو کتێبانە دەگرێتەوە لە بۆ پۆلەکانی بنەڕەتی دەخوێندرێن، هەروەها کتێبی زمانی کوردیشی تێدایە بۆ پۆلەکانی ئامادەیی، دەستەی پەروەردە و فێرکردن خەریکی ئامادەکاریین بۆ دابەشکردنی کتێبەکان بەسەر خوێندکارانی کانتۆکەیان لە چەند رۆژی داهاتوودا.
 
هاوسەرۆکی دەستەی پەروەردە و فێرکردن لە بەیاننامەیەکدا ئەوە ئاشکرا کرد کە:"داوای لێبوردن لە هەموو خوێندکارانی خۆشەویست دەکەین  بەهۆی دواکەوتنی کتێبەکانی پرۆگرامی تازەی خوێندن، ئەویش بەهۆی ئەو بارودۆخەوەیە کە ناوچەکە پێیدا دەڕوات و لایەنە دژەکانی شۆرش کە دەیانەویست شێوەی پرۆگرامە تازەکەی خوێندن ناشیرین بکەن و بەرەو لایەنێکی تایبەتی ئایدیۆلۆژی پەلکێشی بکەن، ئەوەش یەکێکی تر بوو لە هۆکارەکانی دواکەتنی گەیشتنی کتێبەکان".
 
سەمیرە وتیشی: "ئەمڕۆکە بە هۆی دۆستانی گەلی رۆژئاوا و خێرخوازان هەوالی گەیشتنی ملیۆنێک کتێب لە پرۆگرامی تازەی خوێندن رادەگەینین و بۆ خاکی رۆژئاوا و ئێمەش وەکو دەستەی پەروەردە و فێرکردن کار دەکەین بۆ دابەشکردنی کتێبەکان بەسەر خوێندنگاکانی کانتۆنەکەدا".


PM:10:32:15/11/2016