ئەمنستی لەسەر کورد حکومەتی تورکیا مەحکوم دەکات

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ناسراو بە ئەمنستی ئینتەرناسیوناڵ لەسەر وێرانکردنی ماڵی کوردانی تورکیاو ئاوارەکردنی نیوملیۆن هاوڵاتی هاتە دەنگ و ئەو رەفتارە مەحکوم دەکات.

ڕێکخراوی ئەمنیستی نێودەوڵەتی ئاشکرایکرد نزیکەی نیو ملیۆن هاوڵاتی ناوچەکانی باکوری کوردستان بەهۆی شەڕو پێکدادانی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیاوە ئاوارەبوون و ڕێگەیان پێنادرێت دوبارە بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.

ڕێکخراوەکە سەرنجی ئاماژە بۆ ناوچەی سوری ئامەد کە ٢٤ هەزار هاوڵاتی ناچارکراون ماڵەکانیان جێبهێڵن و دوو هەزار ماڵ و موڵکی هاوڵاتیان لە کاتی شەڕوپێکدادانەکاندا یان دوای کۆتایهاتنی شەڕەکان ڕوخێندراون.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە" ئەو هاوڵاتیانە لە ئێستادا لە دۆخێکی ناهەمواردا دەژین و بەشێک لە منداڵەکان لە خوێندن دابڕاون و ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان".

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە بە پێی یاسایەکی باری نائاسایی حکومەتی تورکیا لەسەدا ٦٠ ی موڵک و ماڵی هاوڵاتیانی ناوچەی سوری ئامەد تاپۆیان خراوەتە سەر حکومەت وتا ئێستاش بەشێکی زۆری ناوچەکە هاتوچۆی تێدا قەرەدەغەکراوە هەرچەندە شەڕ لە ناوچەکە کۆتایی هاتووە.

ئەمنستی بە حکومەتی تورکیای ڕاگەیاندووە کە بە پێی یاسا نێودەوڵەتیەکان پێویستە ڕێگە بە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆسەر زێدی خۆیان بدرێت .

بە گوێرەی راپۆرتی ڕێکخراوەکە بەشێکی زۆری شار و شارۆچکەکانی باکوری کوردستان هەمان چارەنوسی ناوچەی سووریان هەبووە.



PM:01:11:06/12/2016