سوپای عێراق چەندین گەڕەكی دیكەی موسڵ کۆنترۆڵ دەكاتەوە

لەچوارچێوەی بەردەوامی ئۆپراسیۆنی موسڵ، حەوت ناوچەی دیکەی پارێزگای نەینەوا و ژمارەیەک گەڕەکی دیکە کۆنتڕۆڵکراونەتەوە و دەیان چەکداری داعشیش کوژراون.

لە ڕاگەیەنراوێکدا تۆڕی ڕاگەیاندنی جەنگی عێراق ئاماژەی بەوەداوە، هێزەکانی دژە تیرۆر گەڕەکی ڕیفاقیان کۆنتڕۆڵکردووەتەوە و سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سێ ئوتومبێلی بۆمبڕێژکراوی داعشیان لەناوبردووە و ٢٠ چەکداریشیان لەو گەڕەکەدا کوشتووە.

هاوکات دژە تیرۆر ئاماژەی بەوەشداوە، گەڕەکەکانی ئەتبای یەکەم و دووەم و فروقات و ڕێگای سەر بەپردی چوارەمی موسڵیان کۆنتڕۆڵکردووەتەوە، هەروەها دوو ئوتومبێل و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دیکەی داعشیان لەناوبردووە، هەر لەو ناوچەیەدا٦٤ چەکداری داعش کوژراون.

لەلایەکی دیکەوە  پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق لە میحوەری باشوری بەشی چەپی موسڵەوە گەڕەکەکانی سەلام و فەلەستین و دۆمێز و سۆمەریان کۆنتڕۆڵکردووەتەوە کە بینای نەخۆشخانەی سەلام و کۆلێژی پزیشکی و نەخۆشخانەی شەفاو ژمارەیەک بینای دیکە دەکەوێتە ئەو ناوچانەوە.

تۆڕی ڕاگەیاندنی جەنگی عێراق ڕاشیگەیاند، لە پێشڕەویەکانی پۆلیسی فیدڕاڵی عێراقدا ١٣٥ چەکداری داعش کوژراون و شەش ئوتومبێلی بۆمبڕێژکراوی داعشیان لەناوبردووە.



PM:12:27:08/01/2017