"گۆڕان چەك هەڵدەگرێت و لەگەڵ پەكەكە شەڕی یەكێتی و پارتی دەكەن"

رۆژنامەنووسێكی دیاری پارتی دیموكراتی كوردستان پێیوایە بزوتنەوەی گۆڕان چەك هەڵدەگرێت و لەگەڵ پەكەكە دەبنە بەرەیەك لە دژی پارتی. یەكێتیش دێتە پاڵ پارتی و شەڕی گۆڕان و پەكەكە دەكەن.

رێبوار كەریم وەلی رۆژنامەنووسی دیاری پارتی لە وتارێكدا كە لە رۆژنامەی (رووداو)ی سەر بە حزبەكەیدا بڵاویكردووەتەوە، دەڵێت "مقۆمقۆی دروستكردنی شانەی چەكداری و گۆڕینی رژێم بە زەبری چەك لەناو گۆڕاندا شتێكی تازە نییە و هەر لەسەرەتای دروستبوونیەوە، ئەو دەنگانە دەبیستران. گۆڕان، بۆ گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی لە كوردستاندا، كاری لەسەر ئەوە كرد كە لەبری دروستكردنی چەكداری سەر بەخۆی، پارە و چەك لەدەست پارتی و یەكێتی دەربهێنێت. بە درێژایی 10 ساڵ ئەوەی پێ نەكرا و پارە و چەك هەر لای یەكێتی و پارتی مانەوە".

هەروەها وەلی دەڵێت "بەشێكی زۆری نائومێدیی كادیر و لایەنگرانی گۆڕان لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە بۆچی دەبێ حیزبەكەی ئەوان بەو هێزە جەماوەرییەوە، توانای هێنانەدی دروشمەكانی خۆی نەبێت؟".

روونیشیكردەوە "لەو بارودۆخەی كە ئێستا كوردستان و ناوچەكە پێیدا تێپەڕ دەبێت، قسەی ئەوەڵ و ئاخیر ئەو لایەنانە دەیكەن كە خاوەنی هێزی سەربازین، چونكە ناوچەكە لە جەنگدایە و جەنگیش بەردەوامە. بۆیە رۆڵی دامەزراوە مەدەنییەكان كاڵ بوونەتەوە و جێگەی سەرنجیش نین تا هەر نەبێ بەگوشاری دەرەكی كارا بكرێنەوە. جا كە وابێت، گۆڕان وەك هێزێكی بێ چەك و بێ پارە، چی لە دروشمەكانی دەكات و چ وەڵامێكی بۆ هەوادارانی هەیە؟ كە هەوڵەكانی گۆڕان لە 17ی شوبات و دواتری، بۆ گۆڕین سەری نەگرت، پرسیارم كرد، ئەی لەمەودوا چی دەكەن؟ وەڵام ئەوە بوو: "چەك هەڵدەگرین و دەڕژێینە سەر شەقام".

ئاماژە بەوەش دەكات "نائومێدی لە گۆڕین، هەڵگرتنی دروشمی نەگونجاو لەگەڵ واقیعی سیاسی و كۆمەڵایەتی، بەربەستە سیاسییەكان و رێگرییە یاساییەكان، وا دەكات بزووتنەوە سیاسییەكان تەحویل بن بۆ بزووتنەوەی چەكداری. جارێ گۆڕان پێشگیریی كاری سیاسیی لێ نەكراوە و حیزبێكی یاساییشە، بەڵام كارتە سیاسییەكانی تەواو بوونە".

ئەو رۆژنامەنووسەی پارتی جەخت لەوە دەكاتەوە "گۆڕان شانەی نووستووی چەكداری هەیە و رێكیشخراون. ئەمە ئیدیعا نییە، چونكە سەرۆكی هەڵپەسێردراوی پەرلەمان، لە دیمانەیەكدا دەڵێ، دەیتوانی بە زەبری هێزی چەكداری بێتە ناو هەولێرەوە، بەڵام نەیكردووە! ئەوە داننانە بەوەی كە هێزی چەكداریان هەیە. لەو حاڵەتەدا، گۆڕان تەنها سوپرایزێكی ماوە، ئەویش بەكارهێنانی چەكە".<br />
لەبارەی یەكێتییەوە رێبوار كەریم وەلی ئاماژە بەوە دەكات "یەكێتی بەم دواییە و لە سۆنگەی گۆڕانكاریی ناوچەیی و جیهانییەوە، لە پەكەكە دووركەوتۆتەوە و دووریش نییە هەمان سیناریۆی سەرەتای نەوەتەكان دووبارە بێتەوە كە بە هێزی هاوبەش بەرەنگاری پەكەكە بوونەوە. لەو سیاسەتەدا یەكێتی مەبەستیەتی كە لە داهاتووی كوردستانی رۆژئاوادا خاوەنی قسە بێت و، باری لەنگی خۆی لەگەڵ توركیاشدا راست بكاتەوە".

هەروا دەڵێت "بەڵام ئەوە هاوكات دەبێ لەگەڵ ئەوەی كە بزووتنەوەی گۆڕان دوای نائومێدی لە پڕۆسەی سیاسیی ناوخۆیی، لە پەكەكە نزیك و نزیكتر ببێتەوە و لە ئەگەری هەر پێكدادانێك كە لە رۆژئاوا یان شەنگال رووبدات، نەك هەر پشتیوانیی مەعنەوی و ئیعلامی، بگرە لە رووی مرۆییشەوە لە پاڵ پەكەكەدا بووەستێ".

ئاشكراشیكرد "ئێران رۆڵێكی گرنگی دەبێت لەو بارەیەوە، چونكە مەبەستیەتی شەنگال و ناوخۆی كوردستانی رۆژئاوا، نەبنە خاڵی یەكلاكەرەوە، بگرە شەڕێكی سەرتاسەری لەناوخۆی كوردستانی باشوور بەرپا بێت. گۆڕان دەتوانێ پەكەكە بەرێتە ناو قووڵاییەكانی كوردستانی باشوور و بەیەكەوە شەڕی نەیارە هاوبەشەكەیان (پارتی) بكەن".



PM:02:02:23/01/2017