بەرپرسێکی یەكێتی: حوکمڕانی بە پارتی‌‌و یەکێتی دەکرێت

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایدەگەیەنێت" حوکمڕانی بە پارتی‌‌و یەکێتی دەکرێت".

(ڕەهبەری سەید ئیبراهیم) بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە کۆیە و ئەندامی سەرکردایەتیی ئەو حزبە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان وتی "رێککەوتنی پارتی و یەکێتی زۆر گرینگە، چونکە حوکمڕانی بە پارتی و یەکێتی دەکرێت، بەڵام گرینگە گفتوگۆیش لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بکرێت".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتیشی "گرینگە لە قۆناغی داهاتوو هەموو لایەنەکان بەرپرسیاره‌تیی دۆخەکە و پەیامەکەی (بارزانی) لە ئەستۆ بگرن و دیراسەی بکەن، لە نزیکەوە کۆبوونەوە بکرێت، چونکە گرفتەمان ئەوەیە یەکگرتوو نین".

ڕەهبەری سەید ئیبراهیم، وتیشی "چاوەڕوانین دوای هاتنەوەی (بارزانی) کۆبوونەوەی یەکێتیی و پارتی بکرێت و، گەشبینین کە هەوڵەکانی (بارزانی) بۆ لێكتێگەیشتن و کۆ بوونەوە، کوردستان بەرەو ئۆقره‌یی سیاسی ببات".



AM:11:36:27/01/2017